رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ هاوکاریی دارایی مانگی ئابی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج بکرێت. تیمی 'هەژماری من' دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن هاوکارییەکە وەربگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 تیمی 'هەژماری من' لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پێشمەرگانەی هەژماریان هەیە لە 'هەژماری من'، ئەمڕۆ دەتوانن لە ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە هاوکارییەکە وەربگرن."
بەگوێرەی تیمی 'هەژماری من'، ئەو پێشمەرگانەی هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە دەتوانن لە تەواوی ئەو شوێنانە پارەکە رابکێشن کە ئامێرەکانی راکێشانی پارەی بانکەکانی نێو پڕۆژەکەیان تێدایە.
بەپێی نوێترین ئامار، 193 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون، لە 63 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراوە.
دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیمانان دەکرێت.
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش وەک هاوکاریکردنی لیوا هاوبەشەکان.
بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو هاوکاریانە بێبەشکراون. 04ـی ئەیلوول وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم گرفتە هیچ پەیوەندیێکی بە بڕیارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە شێوازی کارکردن و پێدانی هاوکاریی هاوپەیمانان بە یەکە سەربازییەکان."
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتبوو"گرفتی ئەم یەکە سەربازییانەش، پەیوەستە بە هەبوونی رۆتینێکی ئەمنیی هێزەکانی هاوپەیمانان، لەم بارەیەشەوە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی پێویستی ناوە و کاری جدی لەسەر کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ