ئەنجوومەنی ئاسایش دوو تۆڕی سەر بە داعش دەستگیردەکات؛ "پلانیان هەبووە لە هەولێر تەقینەوە بکەن"

09-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون. وێنە: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون. وێنە: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو تۆڕی سەر بە داعشیان دەستگیرکردووە لە شاری هەولێر کە "پلانیان هەبووە پێش سەری ساڵی 2023 تەقینەوە و کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر بکەن." 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە گرتەڤیدیۆیی دانپێدانانی تۆمەتبارەکانیشی لەگەڵدا بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت: هەردوو هەوڵە تیرۆریستییەکە پووچەڵکراونەتەوە. 
 
چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: "تیرۆریستەکان لە دوو تۆڕی جیادابوون و لەلایەن سەرکردایەتیی داعشەوە فەرمانیان پێدرابوو بۆ ئەوەی لە هەولێر کردەوەی تیرۆریستی بکەن." 
 
تۆڕی یەکەم وەک ئەنجوومەنەکە دەڵێت، پێکهاتوون لە تۆمەتباران، "حەمزە ئەیاد ئەحمەد، موهاجیر ئەحمەد عەزراوی" لە رۆژی 23-12-2022 دەستگیرکراون. "سیاف قوڕەیشی" کە "خۆکوژێک" بووە پلانی هەبووە پێش سەری ساڵی 2023 لەبەردەم دەرگەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە "پشتێنی بۆمبڕێژکراو" بە هاوکاری تۆمەتبار "ئەبو جەعفەر" خۆی بتەقێنێتەوە. 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان باس لە پلانێکی دیکەی تۆڕی یەکەم دەکات: "لە هەوڵدابوون بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە رێگەی ریمۆت کۆنترۆڵ لەبەردەم بنکەی ئاسایشی عەنکاوە." 
 
تۆڕی دووەم پێکهاتوون لە تۆمەتباران "موسا ئیسماعیل" و "م، ئـ، ح." ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، پێشتر لە سووریا لە کەمپی هۆل نیشتەجێبوون و "بەشداربوون لە کوشتنی چەندین هاووڵاتی لەنێو ئەو کەمپەدا."
 
وەک ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو دوو تیرۆریستە لە ساڵی 2022 هاتوونەتە هەولێر، لەسەر فەرمانی سەرکردایەتیی داعش پلانیان هەبووە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆر و کوشتن." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە