رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای وان، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه، خێوهتههڵدان و سهكۆدانان لە پارێزگەکەدا بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند.
هۆکاری قەدەخەکەی بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێکی تێکدەرانە، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە سەرهەڵدانی تووندوتیژی" گەڕاندەوە.
پارێزگای وان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلیف و جیم لە 11یەمین مادەی یاسای ژمارە 5442 ی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17مین مادەی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ی رۆژی هەینی، 8ـی تشرینی دووەم تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی 2024 بۆ ماوەی سێ رۆژ بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەکراوە.
هۆکاری راگەیاندنی قەدەخەکە بۆ چالاکییە بەردەوامەکانی دەم پارتی دەگەڕێتەوە، کە لە دژی سەپاندنی قەیووم بەسەر گەورەشارەوانیی مێردین، ئێلیە و شارۆچکەی خالفەتی لە روها و دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانیان دەستیان پێکردووە.
رۆژی 4-11-2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ