326 ئاوارە لە دهۆکەوە گەڕانەوە شنگال

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

326 ئاوارە لە یەکێک لە کەمپی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک گەڕانەوە زێدی خۆیان لە قەزای شنگال.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەم 326 ئاوارە لە کەمپی مام رەشان لە پارێزگای دهۆک گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە قەزای شنگال-ی پارێزگای نەینەوا.
 
کەمپی مام رەشان، دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک . 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە هاوکاری هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجییەکان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بووە.
 
وەک عەلی عەباسی باسی دەکات، وەک هاندێک بۆ گەڕانەوە و جێگربوونیان لە زێدی خۆیان، بڕی چوار ملیۆن دینار دراوەتە هەر خێزانێکی گەڕاوە لەگەڵ  دابینکردنی هەندێک کەرەستە و کەلوپەل و پێداویستی سەرەکیی نێوماڵ. 
 
نزیکەی 21 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون؛ 18 هەزاریان لە کەمپەکانی دهۆک و نزیکەی 3 هەزارەکەی دیکەش لە کەمپەکانی هەولێرن.
 
لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارە نەماوە؛ لە هەولێر و دهۆک 22 کەمپ ماون، کە 18یان لە دهۆک و چوارەکەی دیکەش لە هەولێرن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە