هێشتا دوو هەزار و 600 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن

08-11-2022
هەستیار قادر
هاوژین و منداڵەکانی خودێدا کە بێسەروشوێنن
هاوژین و منداڵەکانی خودێدا کە بێسەروشوێنن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خودێدا مستۆ وێنەی هاوژین و کچەکانی بەدەستەوە گرتووە کە لە ساڵى 2014ـەوە لە کۆمەڵگەی خانەسۆرى سنوورى قەزاى شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. دوای هەشت ساڵ لە رفاندنیان، خوێدا چاوەڕێی ئاشکراکردنی چارەنووسی هاوژین و منداڵەکانی دەکات.
 
خودێدا مستۆ، ئاوارەى شنگال دەڵێت، "لەوانەی کە تازە رزگاردەکرێن پرسیار دەکەم، ئەوان دەڵێن [هاوژینەکەی] لە کەمپی هۆلە لە سووریا، بەڵام ناوێرن بڵێن ئێمە ئێزدین، باوەڕ ناکەم کوژرابن و ئێمە دەڵێین کچ و منداڵەکان ماون. هیوامان وایە ئەوانەی ماون رزگار بکرێن و بگەڕێن بۆ ئەوەی بیانبیننەوە."
 
شەش هەزار و 417 کوردى ئێزدى لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، تاوەکو ئێستا چارەنووسى دوو هەزار و 600 کەسیان دیار نییە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
 
بەهار داوود، ئاوارەیەکى دیکەى کوردى ئێزدییە لە یەکێک لە کەمپەکانى دهۆک، چاوى لە ئاشکرابوونى چارەنووسى هاوژین و کوڕەکەیەتى کە داعش رفاندوونی و دەڵێت، "هیچیان لەبارەوە نازانین، نازانم مردوون یان ماون، بەخوا نە تەلەفۆنێک نە هەواڵێکیان هەیە و نە ئەوانیشم بینیوە. کوڕەکەم تەمەنی 20 ساڵ بوو، ئەمە هەشت ساڵە لە دەستی ئەم کافرانەیە و نازانین ماوە یان نا. ئەمە دوو مردنە، چونکە لە مردن زەحمەتترە."
 
بەگوێرەى ئامارى نووسینگەى رزگارکردنی رفێندراوانی سەر بە حکومەتى هەرێمى کوردستان، سێ هەزار و 562 رفێندراوى کوردانى ئێزدی لەدەستى داعش ئازادکراون. لە کاتی پەلاماردانی شنگال، چەکدارانی داعش نزیکەی 5000 کوردی ئێزدییان کوشتن، قوربانییەکان لە 81 گۆڕی بە کۆمەڵدان، بەڵام تەنیا 23 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.
 
جەمیل غانم، بەڕێوەبەرى رێکخراوى یەزدا باس لەوە دەکات، "هێشتا چارەنووسى هەزاران لەو رفێندراوانە نادیارە، تەنانەت ئەو کەسانەش کە روفاتیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندراوە هێشتا پشکنین و ناسینەوەى ناسنامە و گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکارەکانیان دیار نییە". 
 
کەسوکاری ئێزدییە رفێندراوەکان گومانیان هەیە بەشێک لە کچ و ئافرەتە رفێندراوەکان لەگەڵ کەسوکاری چەکدارانی داعش بردرابنە کەمپی هۆل، تاوەکو ئێستاش چەند رفێندراوێک لە کەمپی هۆل دۆزراونەتەوە و گەڕیندراونەتەوە نێو کەسوکاریان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

سەرۆککۆماری عێراق بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بکەن. دەشڵێت، "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات."