ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی کردنەوەی دەروازەی کێلێ نووسراوێک ئاراستەی دەستەی هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان دەکات

08-10-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەبارەی کردنەوەی دەروازەی کێلێ، نووسراوێک ئاراستەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان دەکات. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "بە فەرمی کردنەوەی دەروازی سنووری کێلێ هەنگاوی باشی بڕیوە." 
 
رۆژی شەممە 8-10-2022، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەڵامی نووسراوەکەی ئێمەی داوەتەوە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی کێلێ. نووسراوی ئاراستەی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکانیش کردووە، بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ بکرێت." 
 
سۆران عومەر دەڵێ: "بە فەرمیکردنی دەروازی سنووری کێلێ، هەنگاوی باشی بڕیوە. ناتوانم بڵێم رەزامەندی کردنەوەی دەروازەی سنووری کێلێ دراوە، چونکە بەشێکی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە، پەیوەندی بە گرفتی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە هەیە. ئەوان گرفتێکیان هەیە و دەڵێن، دەروازەی سنووری لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا نییە و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە."   
 
ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی لەوەش کرد، "ئێران لای خۆیەوە بڕیاریداوە پێنج دەروازە بکرێنە فەرمی، یەکێک لەمانە دەروازەی کێلێ-یە، کە هاووڵاتی بە فەرمی تێیدا هاتووچۆ بکەن. ئێرانیش رژدە لەسەر کردنەوەی ئەو دەروازانە." 
 
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 28-9-2022، نووسراوێکی فەرمی بۆ دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان کردووە لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووری کێلێ، کە وێنەیەکی بە دەست تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، تێدا ئاماژەی بەوە کردووە، نووسراوی پەرلەمانتار سۆران عومەر-تان لەگەڵ هاوپێچ کردووە لەبارەی کردنەوەی ئەو دەروازەیە. هاوکات داوا دەکات ئاگاداربن و کاربکرێت بەپێی یاسا و بەگوێرەی پسپۆڕی.
 
رۆژی 4-7-2022، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق نووسراوی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە لەبارەی نووسراویان، نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە 27-7-2017 سەبارەت بەوەی دەروازەی کێلێ بکرێتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و گەیشتن بە ئەنجامەکانی ئەوکارە. 
 
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو دەروازەیە بۆ ناوچەکانی رانیە و قەڵادزێ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە رووی ئابووری و هەلیکار بۆ خەڵکەکەی. داوا لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران دەکات ئەو دەروازەیە بکرێتە نێودەوڵەتی.
 
رۆژی 27-7-2017، ئەیاد حوسێن عەبید، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە وەکالەت، نووسراوێکی فەرمی بۆ دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان کرد و باسی لەوە کردووە، هیچ لارییەک نییە ئەو لیژنەیەی بە ژمارە 284 لە 21-8-2016 پێکهێنراوە، بابەتی کردنەوەی دەروازەی کێلێی بۆ زیاد بکرێت، بۆیە لارییان نییە لیژنەکە سەردانی ئەو دەروازەیە بکات، ئاگاداری رێکاری کارەکانی بێت بۆ فراوانکردنی هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، دەسەڵات دراوەتە لیژنە پەنا بۆ لایەنی پسپۆڕ ببات بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکەیان.  
 
بۆ گەشتیاری ‌و بازرگانیكردن، ئێران ‌و هەرێمی كوردستان چەندین خاڵی سنووری ‌و دەروازەی هاوبەشی فەرمییان هەن، لەوانە دەروازەكانی پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران، دەروازەی فەرمیی نێودەوڵەتین ‌و هەریەك لە خاڵە سنوورییەكانی سەرزێڕ ‌و كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن‌ و تەوێڵە ‌و بەمۆ هەن، گەشتیاران هاتووچۆی پێدا دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.