رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و لە سێ بنکە کێشەیان هەبووە، ئەوانیش چارەسەرکران.
پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە سێ بنکەی دەنگداندا لە عەینکاوە، کەسنەزان و کۆیە، کێشەی دەنگدان دروستبوو بەهۆی قەرەباڵخی زۆر و لۆدی زۆری دەنگدەران لەسەر ئامێرەکان، کەمێک پرۆسەکە وەستا، بەڵام دواتر کێشەکان چارەسەرکران".
ئومێد خۆشناو داوای لە دەنگدەران کرد، جەنجاڵی دروستنەکەن و پەلە نەکەن، هەم بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا و هەروەها بۆ کەمبوونەوەی لۆد لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان.
سەبارەت بە سستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە، ئومێد خۆشناو گوتی: "پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەناچێت، بەڵکو سرووشتیی ئامێرەکان وایە و پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکی لۆجیستی و ئامێر و ئەمنی لە پرۆسەکەدا نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامادەکارییانەیە کە پێشتر کۆمیسیۆن و هەروەها پارێزگا کردوویانە".
لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکان لە کەمپەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی: "دەنگدانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لەنێو کەمپەکان ئەرکی ئێمەی قورسکرد و سەرەتاش بەغدامان ئاگادارکردبووەوە کە ناتوانین پاسی هاتووچۆ بۆ ئاوارەکان دابین بکەین، بەڵام بەغدا وەڵامی نەبوو، بۆیە ناچاربووین هاوکاریان بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ