رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیا میسرییەکان نزیکەی نیوەی فێستیڤاڵی پاییزە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر پێکدەهێنن. بە جەنجاڵیی بەردەم کۆشکەکان دەردەکەوێت، ژنان خواستێکی زۆریان بۆ شێواز و دیزاینی جلوبەرگە میسرییەکان هەیە.
هەیفا حوسێن، کارمەندی کەرتی تایبەتە و سەردانی پێشانگەکەی کردووە، دەڵێت، "ئەو جلەم پێ جوانبوو بۆیە حەزم لێبوو بیکڕم، پیت و نەخشی جوانی تێدایە، پێشتر شتی ئاوهام نەکڕیوە."
محەممەد بەدەوی، خاوەنی کۆمپانیای جلوبەرگی میسرییە، دەڵێت: "یەکەم جارە بە کۆمپانیای خۆم بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەکەم، سوپاس بۆ خوا پێشوازی لە بەرهەمەکانمان زۆر باشە، بەرهەمەکانمان باش و داواکراون، هەروەها نرخیان زۆر نییە و هەرزانن."
122 کۆمپانیا لە 10 وڵاتەوە بە بەرهەمی جیاواز بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردووە، 60 کۆمپانیایان میسرین.
یەک لەسەر سێی کۆمپانیا میسرییەکان بە بەرهەمەکانی کاری دەستی و جوانکاری بەشدارن، ئەو بەرهەمانەی هەر زوو سەرنجی بەشێک لە سەردانیکاران رادەکێشن.
فێستیڤاڵی پاییزە لە یەکی ئەم مانگەوە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوەتەوە، تاوەکو 11ـی مانگ بەردەوام دەبێت. رۆژانە لە کاژێر 03:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 10:00ـی شەو کراوەیە.
شەهیان هاشم، دەرونناسە بۆ کڕینی پێداویستی سەردانی پێشانگەکەی کردووە، دەڵێت: "هەموو نەتەوە جیاوازەکان، عەرەب، فارس و تورک لە پێشانگەکە دەبیندرێن، منیش ئەو هەرەمەم کڕیوە زۆر جوان بوو، وەک یادگارییەک دەمێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ