رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و جەختیان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر کردووەتەوە و دەشڵێت، "گرووپی بەدەر لە یاسا هێرشەکەیان ئەنجامداوە."
دژەتیرۆری کوردستان رۆژی چوارشەممە 08-06-2022 رایگەیاند، کاژێر 09:35ـی ئەمشەوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە رێگەی پیرمام- هەولێر کەوتە خوارەوە و سێ هاونیشتمانی بریندار بوون.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارانی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەولێری کرد و رایگەیاند، "ئێمە نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، درۆنەکە لە شوێنێک کەوتووەتە خوارەوە کە هیچ بارەگایەکی لێ نییە، کە ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە، ئێمە بە دیاریکراوی نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەگەنە ئامانج، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە هەر ئەو شوێنانەی پێشووە کە هەڕەشەکانی لێوە هاتووە."
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بەداخەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر هەولێر و چەند کەسێک برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیی باش نییە، هیوادارم کە بە تەندروستییەکی باشەوە هەڵبستنەوە، ئەوە چەندینجارە ئەو رووداوانە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە لە یاسا بەدەرن."
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ یەکەم ساتەکانی دەنگی بیستراوی ئەمشەو، ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس و تیمی فریاگوزاری و پزیشکی فریاکەوتنی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئامادەکاریی تەواو کرا بۆ هەر ئەگەرێک.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "خۆشبەختانە هیچ بریندارێکی سەخت نییە، تەنها سێ هاووڵاتی بە سووکی برینی سادەیان هەیە و کاری پێویستیان بۆ چارەسەری بۆ دەکرێت."
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "دەزگا ئەمنییەکانمان راسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە بکەن، هەروەها جەنابی سەرۆکی حکومەت بە تەلەفۆن لەگەڵ مستەفا کازمی قسەیکردووە و، ئاڵۆگۆڕی زانیارییان کردووە بۆ ئەوە سنوورێک دابنێن بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو رووداوانە و، هەوڵی هاوبەش هەبێت کە سەرچاوەی هەڕەشەکە بدۆزرێنەوە و ئەوانەی هەستاون بەو کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و پێشکێشی دادگە بکرێن و سزا بدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ