کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردن دەستپێدەکەنەوە

08-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، بڕیارە لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بۆ تەواوکردنی گوتبێژەکانیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆببنەوە، بەڵام هێشتا شوێن و وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی رابردوومانە."
 
رۆژی دووشەممە، 8-5-2023، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بەمنزیکانە و بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی رابردوو لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و بابەتی پێکهاتەکان و چەند پرسێکی دیکە، لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کۆببینەوە."
 
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێشتا ئەندامانی شاندەکان و وادە و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بەتەواوەتی دیارینەکراوە، بەڵام وەکو ئەو گوتی،"کۆبوونەوەکە لە رۆژانەی کەمی داهاتوودا دەکرێت."
 
پارتی و یەكێتی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هێشتا بە تەواوەتی رێکنەکەوتوون، بە تایبەتی لە بابەتی کورسیی پێکهاتەکان، هەرچەندە ئەو ناکۆکییانە پێشتر زۆرتربوون، بەڵام دوای سێ کۆبوونەوە، یەکێتی و پارتی بەشێک لە ناکۆکییەکانیان یەکلاییکردەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023، بۆ جاری دووەم بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و لەبارەی ناکۆکییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گفتوگۆ کرا.
 
یەکێتی و پارتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە پێکهاتەی ئێستایەوە، لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیستەمی فرە بازنەیی و تۆماری دەنگدەران و چەند بابەتێکی دیکە رێککەوتوون و ئەو بابەتانەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە تاوتوێکردووە و نزیکن لە کۆدەنگی لەسەریان.
 
دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، رۆژی دووشەممە، 8ـی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان خوێندەوە و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.