شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی لە سلێمانییە

08-04-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە سلێمانی.
 
فەریق روکن قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی ئەمنی و سەربازیی عێراق، یاوەری  قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقن.
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی شەممە 08-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەو شاندە راسپێردراون لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەن.
 
رۆژی شەممە 08-04-2023 هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆخی سلێمانی و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی ئارامە و "ئومێد دەکەین هەموو لایەنێک رۆڵ لە پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و ئاسایشی شاردا ببینێت."
 
ئێوارەی دوێنێ هەینی 07-04-2023 وێنەی دووکەڵی لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوبووەوە؛ سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
 
دوای رووداوەکە، هەریەک لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی عێراق راگەیێندراویان سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەوبارەیەوە دەڵێت، پێویستە هیچ کەسێک بیر لەوە نەکاتەوە ببێتە هۆکارێک بۆ نەهێشتنی ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە سلێمانی هەیە و "پاراستنی ئاسایشی سلێمانی و هەرێمی کوردستان ئەرکی هەموومانە و هیوادارین راگەیێندراو و لێدوانی هەموو لایەنێک خزمەت بە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە بکات، نەک ئاڵۆزترکردنی."
 
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوەی روویدا بەهۆی ئەوە بوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سلێمانی بووە؛ بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
 
فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاند، "پشتڕاستی دەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون."
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیواندیدارەکان، دەوڵەتان، هاوپەیمانان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدان و "ئومێد دەکەین ئەم رووداوە جارێکی دیکە بەهیچ جۆرێک دووبارە نەبێتەوە و ببێتە هۆکاری یەکخستنی ریزەکانمان، نەک دروستکردنی ناکۆکی."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی، بابەتی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بابەتێکی ئەمنیی وردە و لایەنە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن، "ئومێد دەکەین هەموو لایەنێک بگەنە ئەنجامێک کە دواجار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بکرێتەوە."
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی دەڵێت، "لە سێی نیسانەوە ئاسمانی تورکیا بەڕووی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی - عێراقەوە گەشت دەکەن."
 
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەش، تانژو بیلگیچ رایگەیاند، "لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی (رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە) لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بڕیارە دراوە."
 
پارێزگاری سلێمانی لەوبارەیەوە دەڵێت، "هەموو لایەنێکمان بە فەرمی دڵنیا کردووەتەوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و سیستمی بەرگری لەو فڕۆکەخانەیەدا نییە و بۆ کاری مەدەنی بەکار دەهێندرێت. پێویستیشە هەموو لایەنێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە