سبەی پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و بۆ کۆتایی هەفتەش "پێشبینی لافاو دەکرێت"

08-04-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن پلەی گەرما کەشناسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی پلەی گەرما بەراورد بەمڕۆ بەرزدەبێتەوە و لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش هۆشداری لافاو لە چەند شارێک دەدات و دەڵێت، پێویستە ئامادەکاری بۆ بکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی شەممە 8ـی نیسانی 2023ـی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش نمەباران دەبارێت؛ هەروەها بەراورد بەمڕۆ، پلەی گەرما لە نێوان یەک بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی پێشنییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دووشەممەی داهاتووەوە تاوەکو کۆتایی هەفتەکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلەکە بەهێز دەبێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەقی بەهێزیی شەپۆلەکە دەکەوێتە نێوان دوانیوەڕۆی چوارشەممە و نیوەڕۆی پێنجشەمە، پێشبینی دەکەن لەنێوان 50 بۆ 130 ملیمەتر باران ببارێت.
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە، رۆژی چوارشەممە خێرایی با لە کاژێرێکدا 35 بۆ 40 کیلۆمەتر چالاک دەبێت، گوتیشی "پێشبینی دەکرێت لە هەریەک لە ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی، ئیدارەکانی گەرمیان، سۆران و راپەڕین زۆرترین باران ببارێت و ئەگەری روودانی لافاوی زۆر لە چەم و دۆڵەکاندا هەیە؛ لە سەنتەری شارەکانیش ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوه و پێویستە ئامادەکاریی پێشوەختەی بۆ بکرێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی هەینی بەردەوام دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 25 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 24 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 24 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 25 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 25 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 31 پلەی سیلیزی

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە