سەرکردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی: هێرشکەرانی سەر فازڵ بەشارەتی دەستگیربکرێن

08-04-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن فازڵ بەشارەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو بە نارنجۆک هێرشکرایە سەر ماڵی فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتیش داوا دەکات دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەستگیربکەن. دەشڵێت، "ئەم جۆرە کارانە زیاتر ریزەکانی کورد دەترازێنێت."
 
پیشتر فازڵ بەشارەتی لەبارەی هێرشی سەر ماڵەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی نارنجۆکەکەوە زیان بە ئۆتۆمبێل و شووشەی پەنجەرەی ماڵە دراوسێکەیان گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. نارنجۆکەکە لە بنەڕەتدا بۆ ماڵی ئەوان هەڵدراوە و کەوتووەتە ماڵی دراوسێکەیەوە. 
 
لە روونکردنەوەیەکدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوام بوونی ئەم جۆرە کارانە جگە لەوەی خەڵک باوەڕی بە دامەزراوەکان نامێنێت، لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئێمە پێمان وایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئەم جۆرە کارانە زیاتر ریزەکانی کورد دەترازێنێ و لەبری ئەوەی خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادەبکەین، زیاتر سەرقاڵمان دەکات بە گیروگرفتی ناوخۆییەوە."
 
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی هەڵەبجەی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕوانییان لە دەزگا پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی خۆجێیی هەڵەبجە هەیە بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدۆزنەوە و بدرێنە دادگە. 
 
بە گوتەی فازڵ بەشارەتی کە قسەی بۆ رووداو کرد، بکەرانی ئەو کارە لەڕێگەی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلێک ویستوویانە نارنجۆکەکە فڕێبدەنە ماڵەکەیەوە، بەڵام بەهۆی پەلەپەل و شڵەژانیان نارنجۆکەکە کەوتووەتە ماڵێکی دراوسێی، لەوکاتەشدا ئەو لە ماڵەوە نەبووە و دەڵێت، ئەم کارانە هەمیشە هەن و "لەلای من زۆر ئاساییە و کارێکی زۆر ترسنۆکانەیان کردووە، چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن من لەم ماڵەمدا نەبووم، دوو ماڵمان هەیە، لە ماڵەکەی دیکەم بووم و ئەوانیش نارنجۆکەکەیان بۆ ئەو ماڵە فڕێداوە کە منی لێنەبووم".
 
بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند، سکاڵای لە هیچ کەسێک نییە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بکەرانی ئەو کردەوە ئاشکرا بکەن، گوتیشی، گومانی لە هیچ کەسێک نییە بەڵام "لە رۆژانی رابردوو لێدوانم هەبوو لە یەکێک لە راگەیاندنەکان، لەوانەیە قسەکانم خەڵکێکی سەخڵەت کردبێت، کەسێکیش بۆی نووسیبووم چاوەڕوانی کردەوەیەکی لەو شێوەیە بکە کە رووبەڕووت دەبێتەوە."
 
رۆژی 4ـی ئەم مانگە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی تەقەکردن لەبارەگاکانی پارتی لە سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و دەزگای گشتیی ئاسایش کۆبووینەوە؛ پێمانگوتن ئەو بابەتە بۆ ئێمە وەکو لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان جدییە. فراکسیۆنی پارتیش رایسپاردووین بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەین". گوتیشی:"هیچ رووداوێک پارتی لە سلێمانی دوورناخاتەوە و پارتی و سلێمانی دووانەیەکی لێكدانەبڕاون." ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 70 جار تەقە لە بارەگاکانیان کراوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە.

لە سێ رووداوی هاتووچۆدا لە ورمێ 10 کەس بریندار بوون

لەسەر رێگەی ورمێ-سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ 10 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون؛ بەڕێوەبەری گشتیی خاچی سووری پارێزگاکە دەڵێت، رووداوەکان بەهۆی بارانبارینەوە بوون.