رووداو دیجیتاڵ
ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 09-03-2023 لە زانکۆکانی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیک پشوو دەبێت و دەسەڵات دراوە بە زانکۆکانی دیکەش بەپێی بارودۆخی ناوچەکانیان بڕیار بدەن.
هەریەکە لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بارانبارینی بەردەوام و ئەگەری دروستبوونی لافاو رایانگەیاند، سبەی پێنجشەممە لە ناوەندکانی خوێندن پشووی فەرمییە. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و مەترسیی دروستبوونی لافاوەوە هەمان بڕیاری دا.
لە بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "بۆ سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی، سبەینێ پێنجشەممە لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی پشووی فەرمییە."
هاوکات ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە پشتبەستن بە پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین و مەترسییەکانی لافاو، سبەینێ پێنجشەممە 09-03-20223، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئیدارەی گەرمیان پشوو دەبێت.
هاوکات پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، "لەسەر داوا و راسپاردەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانمان، بریاردرا بە راگرتنی دەوامی سبەی رۆژی پێنجشەممە بەرواری 09-03-2023، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ