رووداو دیجیتاڵ
نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕدا بەرزبووەوە، فرۆشیارێکی مریشک لە هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ کیلۆی مریشک بە چوار هەزار و 150 دینار دەفرۆشن. سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی مریشک کاتییە.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی ئاداری 2023، زەکەریا سەفین، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کۆتایی مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشک بە دوو هەزار و 500 دینار بووە، بەڵام ئەمڕۆ بە سێ هەزار و 950 دینار گەیشتووە بە ئەوان و ئەوانیش کیلۆی بە چوار هەزار و 150 دینار دەدەن.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەیە بەرزبوونەوەی نرخ نییە و لە رابردوودا هەموو خاوەن کێڵگەکان لە زیاندابوون؛ ئەوەی ئێستا هەیە نرخی پێویستی مریشکە".
لەبارەی هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نازم عەبدوڵڵا گوتی، نزیکەی شەش مانگە خاوەن کێڵگەکان "بە زیان مریشک دەفرۆشن" و زۆرینەیان جووجەڵەیان لە هۆڵەکانیان دانەناوە بۆ گەورەبوون و ئێستا مریشک کەمە. گوتیشی: "بەرزبوونەوەکە کاتییە و دادەبەزێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێندرێن و ئەوەی زیاتر لە پێویستیی نێوخۆ بێت هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
- هەولێر؛ 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی؛ 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک؛ 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە؛ 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان؛ 158 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ