نێچيرڤان بارزانى و بێربۆک په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ دەکەن

08-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان لەگەڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا کۆبووەوە و تاوتوێی په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان کرد.  
 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 08-03-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەولێر پێشوازى له‌ ئەنالینا بێربۆک، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا كرد. 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى ‏كوردستان، نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ‏سه‌ربازى و مرۆيى و سياسيى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد، ‏هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر هێشتا به‌رده‌وامن، بۆيه‌ عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌ڵمانيا و كۆمه‌ڵگه‌ى ‏نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌. 
 
لاى خۆيه‌وه‌، بيربۆک دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ‏په‌يوه‌ندييه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئابوورييان ده‌ڕوانێت. له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى ‏رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال كرد كه‌ ده‌بێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌. 
 
په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو، سەرۆکایەتیی هه‌رێمى ‏كوردستان دەڵێت، ‏نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ هه‌بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنيى گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا ‏بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ هاوئاهەنگی پته‌وى نێوان ‏سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كرد. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ئاواره‌ و ‏په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شنگال و ئێزدييان به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش،‎ ‎ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو‌. ‏نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتگيرى و هاوكاريكردنى ئێزدييان و ‏ناساندنى كۆمه‌ڵكوژييان به‌ جينۆسايد له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانيا.‏
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە