رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، شاری دهۆک و شاری گینزڤێل لە ویلایەتی فلۆریدا دەبنە دەستە خوشکی یەکدی، کە بە گوتەی پارێزگار مەبەست لێی پەرەدانە بە پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو شارەکە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، نوێنەرانی هەر پێنج زانکۆکەی دهۆک، قائیمقامی دهۆک، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی، گەشتوگوزار و پەروەردە و سەرۆکی شارەوانیی دهۆک بەشداربووین لە دانیشتنێکی ئۆنلاین لەگەڵ ئەنجوومەنی شاری گینزڤێلی فلۆریدا، ئەوەش بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی دەستەخوشکایەتی لەنێوان دهۆک و شارەکەی فلۆریدای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
لەبارەی ئامانج لەو رێککەوتنە، پارێزگاری دهۆک گوتی "مەبەست لێی ئەوەیە پەیوەندیی دووقۆڵی لەنێوان ئەو دوو شارە و زانکۆکان و ئیدارەی هەردوو شارەکەدا پەرەی پێبدرێت".
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوە کرد، لە بوارەکانی ئابووری، گەشتوگوزار، کولتوور، ژینگە و شوێنەوار پەیوەندییان لەگەڵ شارەکەی ئەمریکا دەبێت و ئەو پەیوەندییەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوامیی دەبێت، راشیگەیاند، "بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان کولتووری هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرنگە، ئەگەر لە چوارچێوەی نێوان دوو شاریشدا بێت".
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، کار لەسەر ئەوە دەکەن دهۆک ببێتە دەستەخوشکی ژمارەیەک شاری دیکەش لە وڵاتانی جیهاندا و هەوڵدەدەن شارەکانی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دیکە بناسێنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ