رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ رایگەیاند، لە قۆناخی دووەمدا 1040 فەرمانبەری دیکە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2024، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە قۆناخی دووەمدا، نزیکەی 1040 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت، پڕۆسەکە بە تیروپشک و ئاشکرا لە بەردەم ئامادەبووان بەڕێوەدەچێت."
بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، هەموو ئامادەکاریەک کراوە، تەنیا ماوە زەوییەکان دیاریبکرێن، ئەمەش دوو سێ مانگی پێویستە، دوای ئەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنیان.
دلاوەر بۆزۆ گوتی: "ئەو زەوییانەی لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا دابەشدەکرێن، پێشتر رەزامەندیان لەسەر درابوو، جگە لەوان ناوی فەرمانبەرانی دیکەشمان ناردووە، چاوەڕێین کارتەکانیان بگەرێتەوە، هەوڵدەدەین هەموویان دابەش بکەین".
سەبارەت بە زەویی بەردەست بۆ دابەشکردن، قایمقامی ئاکرێ گوتی: "لە هەندێک ناوچە وەک گرەسێن، هیچ کێشەیەکمان نییە و زەوی هەیە، بەڵام لە ناوچەیەکی وەک بجیل بەهۆی هەڵکەوتی شوێنەکە کە زیاتر بەرزاییە کێشەی زەوییمان هەیە، بۆیە دەبێت ئەم زەوییانە دیاری بکرێن و کێشەیان نەمێنێت."
قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئاکرێدا لە 30-10-2024، بوو، کە زەوی بەسەر زیاتر لە 1000 فەرمانبەر دابەش کرا.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە بریتین لە ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ