رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد بن زاید قسەی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، باسیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کردووە و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەناردەکردنی هەنار دەستپێکە بۆ هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی دیکەی کشتوکاڵی بۆ دەرەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی ئیمارات قسەی کرد. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بە تایبەتی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان کرا."
رۆژی هەینی، 2-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێنەی بارهەڵگرێکی بڵاوکردەوە کە وێنەی هەناری لەسەر بوو و، نووسرابوو "هەناری کوردستان"، هەروەها وەکو ئاماژەیەک بۆ هەناردەکردنی هەنارەکەش نووسیبووی: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند".
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مەسرور بارزانی "سوپاسی سەرۆکی ئیماراتی کرد بۆ پشتیوانی و هاریکاری و هاوئاهەنگیی بەهێزی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات بۆ سەرخستنی پڕۆژەی هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەنار بۆ ئیمارات و لەوێوەشەوە بۆ وڵاتانی کەنداو."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە، رۆڵێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاسایش خۆراکدا بگێڕێت. گوتیشی، "هەناردەکردنی هەنار، دەستپێکی هەناردەکردنی چەندین بەروبوومی دیکەی هەرێمی کوردستانە، لەوانە، سێو و ترێ و هەنگوین." ئەوە بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەت.
وەکە لە راگەیێندراوەکەشدا هاتووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان مەسرور بارزانی و محەممەد بن زاید ئالنەهیان، "هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ