رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پارەی فرۆشگەکانی قوتابخانەکانی شاری سلێمانی دەنێردرێت بۆ هەولێر و بۆ ئەمەش بەڵگەی هەیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە زانیارییەکانی پەرلەمانتارەکە رەتدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 7-12-2022، وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "پەرلەمانتار کاروان گەزنەیی بەبێ بوونی زانیاریی گوتوویەتی (تەنانەت داهاتی فرۆشگەی قوتابخانەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر). هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە ئەو قسەیە ناڕاستە و هیچ بنەمایەکی نییە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، هیچ داهاتێکی فرۆشگەکانی قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و دهۆک نەگەڕاوەتەوە هەولێر.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدڵنیاییەوە دواتر لە رێگەی دۆکیۆمێنتەوە وەڵامی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە دەدەمەوە و زانیارییەکان دەخەمەڕوو".
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوەکەیدا داهاتی فرۆشگەکانی قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 ئاشکرا کردووە، کە بەمشێوەیەیە:
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی: سێ ملیار و 910 ملیۆن و 23 هەزار دینار.
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە؛ 219 ملیۆن دینار.
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان؛ 462 ملیۆن و 714 هەزار دینار.
- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی راپەرین؛ 546 ملیۆن و 722 هەزار دینار.
وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاندووە، ئەو پارانە بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی (2022) لەلایەن پەروەردەکانەوە وەرگیراون و لای خۆیان و دابەشیانکردووەتەوە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەشی ماوەتەوە بووەتە داهات بۆ پەروەردەکان؛ ئەمە بۆ هەموو پەروەردەکان وەکو یەک وایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ