رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان نەکردووە و داواش ناکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتیش گوتی، "گەشبینین بە کۆبوونەوەکە."
ئەمڕۆ سێشەممە 07-11-2023 شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە؛ ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی دوو حیزبەکە بوو لە چوار مانگی رابردوودا.
بەشداربووانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی؛ فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینکی، پشتیوان سادق، مەحموود محەممەد، ئازاد بەرواری و دڵشاد شەهاب.
شاندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پێکهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، سەعدی ئەحمەد پیرە، عیماد ئەحمەد، شاڵاو عەلی عەسکەری، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ و رەفعەت عەبدوڵڵا.
لوقمان وەردی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی راپەڕین لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "یەکێتی بە هیچ شێوەیەک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام یاسای هەڵبژاردن کەموکورتیی تێدایە و تێبینیمان لەسەری هەیە، کورسیی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی ناتەندروست بەکارهێندراوە، لەگەڵ ئەوەداین یاسایەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا بگونجێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتیشی، "هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران بووەتەوە، لە سەرووی هەمویانەوە قەیرانی بێ متمانەیی، لەبەرئەوە دەبێت ئێمە بەیەکەوە بین، دەبێت متمانە لەنێوانماندا هەبێت و نابێت سیاسەتی پەراوێزخستن بەردەوام بێت، ناکرێت شارێک لەگەڵ شارێکی دیکە و ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە جیاوازییان لەنێواندا بکرێت."
لوقمان وەردی دەشڵێت، "نیەتی یەکێتی ئەوەیە کە دەیەوێت کۆی گرفتەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆی لایەنەکانی دیکە چارەسەر بکات، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەموو پەیوەندییەکانی بەکاربهێنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی هەموو شارەکان نەک جیاوازی بکرێت، یەکێتی دەیەوێت گفتوگۆی راشکاوانە بکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان."
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی، بەڵام گوتیشی، "گرفتەکان هێندە زۆرن بە کۆبوونەوەیەک چارەسەر ناکرێن، بەشداریی بەرپرسانی حکومی کارێکی باشە، چونکە بەشێک لە گرفتەکان پەیوەستن بە کاروباری حکومەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ