شارەوانیی سلێمانی رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێرا دەکات

07-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، رێکارەکانی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی زەوی و تەواوکردنی لیستی فەرمانبەران خێرا دەکرێن.
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کارەکانی دابەشکردنی زەوی خێراترکر دەکرێن، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنی بڕیاری تایبەت بە دابەشکردنی زەوی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە. بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ شەممە سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ تیمی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی کۆبووەوە." 
 
بەپێی راگەیێندراوی شارەوانی سلێمانی، دوێنێ لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ تیمی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و تەواوکردنی رێکارەکانی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا کۆبووەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە دوو تەوەر پێکهاتبوو:
 
1 - خێراکردنی پرۆسەی جیاکردنەوە و ئامادەکردنی زەوییەکان بەمەبەستی ئامادەکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران.
 
2- زوو تەواوکردنی لیستی ناوی فەرمانبەران بە مەبەستی جێبەجێکردنی دابەشكردنی زەوییەكان بەپێی نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 242 لە 27-3-2024.
 
4ـی ئەم مانگە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردەوە، وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراو داوایان لە بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانیان کردووە بە زووترین کات لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن. 
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، رۆژی 4ـی ئەم مانگە، نووسراوێکی کردبوو و تێیدا داوای کردبوو لە هەفتەیەکدا لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە، بۆیان بنێرن. 
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
 
رۆژی 28ـی ئایاری 2024 ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە. یەکێک لە بڕیارەکان، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بوو.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."