رێگەوبانی سلێمانی: هەموو پڕۆژەکانی رێگەوبان بەهۆی نەبوونی پارەوە راگیراون

07-05-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەموو پڕۆژەکانی رێگەوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە حەوت پڕۆژەی ستراتیژین، راگیراون. دەشڵێت، بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە پێویستیان بە نزیکەی 120 ملیار دینارە.

محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، لە سنووری پاریزگای سلێمانیدا حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەوبان هەن لەنێوان سلێمانی و شار و شارۆچەکان، بەهۆی گرفتی نەبوونی نەختینەوە هەموویان راگیراون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنووری پارێزگاکەدا کارکردن لە رێگەکانی دەرەوەی شار راگیراون و ئێستا ئەوەی هەیە تەنیا نۆژەنکردنەوە و کارکردنی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنی رێگەوبانی سلێمانییە.
 
محەممەد جەلیل دەشڵێت، "چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەکان لەسەر داهاتی وێستگەکانی کێشکردن و بودجەیەکی ئاساییە کە بۆ رێگەوبان تەرخانکراوە و ئێستا ئەوەی کاری تێدا دەکرێت رێگەی تاسلوجە - دووکان و دووکان - خەلەکانە."
 
لەبارەی بڕی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو حەوت پڕۆژەیەی رێگەوبان، محەممەد جەلیل رایگەیاند، "هەموو پڕۆژەکانی رێگەوبان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین نزیکەی 121 ملیار دیناری پێویستە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی، "راگیرانی پڕۆژەکان هەمووی هۆکارەکەی نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکان، ئەگەر بەڵێندەرەکان پارەیان پێ بدرێت، سبەی دەستپێدەکەنەوە، ساڵانەش داوای تەرخانکردنی پارە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکەین، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانانیشەوە رەزامەندی دەدرێت بۆ تەرخانکردنی پارە، بەڵام گرفتەکە نەبوونی نەختینەیە لە بانکەکانی سلێمانی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە