رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ وێنەی دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکرایەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە. چەند میدیایەکی دەرەکیش دەڵێن، مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە و دوو درۆنی تورکی لێدانی هوشدارییان ئاراستەی لای هەلیکۆپتەرەکەی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، فەرماندەی گشتی هەسەدە رزگاری بووە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023 لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وێنەی دووکەڵی ئاگر بڵاوبوویەوە. لەوبارەیەوە دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی گوتی، هەر هەواڵێکی بۆردوومان و تەقینەوە لە فڕۆکەخانەکە رەتدەکەنەوە. هاوکات خالید ماوەتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە هیچ رووداوێکی نەخوزراو ئاگادار نەکراونەتەوە.
وێڕای لێدوانەکان، هەندێک دەزگای میدیایی دەرەکی بڵاویانکردەوە، دوو درۆنی تورکی لێدانی هوشدارییان ئاراستەی لای ئەو هێلیکۆپتەرە کردووە کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەی تێدابووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیارییانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
دواتر ئاسایشی سلێمانی هەبوونی تەقینەوەیەکی راگەیاند، بەبێ ئەوەی جۆری تەقینەوەکە و ئامانجەکەی دیاری بکات.
لە راگەیێندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "کاژێر 04:18ـی دوای نیوەڕۆ لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبوو و بووە هۆی ئاگركەوتنەوە، دەستبەجێ تیمەكانی بەرگریی شارستانیی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە وەریگرتوون، ئامانجی هێرشەکە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بووە، بەڵام ناوبراو و تیمەکەی بە سەلامەتی رزگاریان بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، مەزڵووم عەبدی ئێستا گەیشتووەتەوە رۆژئاوای کوردستان و سەلامەتە.
رووداوەکە لەکاتێکدایە، لە 3ـی ئەم مانگەوە تورکیا هەموو گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە. بە گوتەی تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان "لەچوارچێوەی زیادبوونی چالاکییەکانی 'رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە' لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە بۆ نێو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بریارە دراوە."
راگەیاندنی بڕیارەکەی تورکیا بۆ قەدەخەکردنی گەشتەکانیان بۆ سلێمانی دوای ئەوە هات، رۆژی 15ی ئادار، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک پاشماوەی هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. دوو رۆژ دواتر هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ