کەسێک ژنه‌كه‌ی خۆی و براكه‌ى پێكه‌وه‌ ده‌كوژێت

07-03-2020
تریسكە شێرزاد
A+ A-
 
رووداو – هه‌ولێر

(ب) سه‌عات پێنجى به‌یانى خۆى ده‌گۆڕێ و ده‌چێ بۆ ده‌وام، به‌ڵام په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و ژنه‌كه‌ى له‌ماڵ نابینێ. كاتێك ده‌چێته‌ ماڵى براكه‌ى، ده‌بینێ هاوژینه‌كه‌ى و براكه‌ى پێكه‌وه‌ن، هه‌ر له‌وێ ده‌ستڕێژیان لێده‌كات و ده‌یانكوژێت.
 
به‌ره‌به‌یانى رۆژى 16/2/2020، له‌ قه‌زاى خه‌باتى سه‌ر به‌ شارى هه‌ولێر ژنێكى ته‌مه‌ن 20 ساڵان به‌ناوى (ر) و پیاوێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵان به‌ناوى (ف.م) كوژران. ژن و پیاوه‌ كوژراوه‌كه‌ ئامۆزاى یه‌كدین و له‌ ماڵى پیاوه‌كه‌دا كوژراون. ژنه‌كه‌ شووى كردووه‌ و دوو منداڵى هه‌یه‌، پیاوه‌كه‌ش به‌ هه‌مانشێوه‌ باوكى دوو منداڵه‌. بكوژه‌كه‌ش به‌ناوی (ب.م) كه‌ مێردی ژنه‌كه‌یه‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌، براى (ف.م)ـه‌ و دواى رووداوه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌.
 
 سه‌رچاوه‌یه‌كى پۆلیس به‌ (رووداو)ى گوتبوو، كوشتنى ئه‌و ژن و پیاوه‌ به‌هۆى كێشه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى بووه‌. پۆلیس له‌وه‌ زیاتر زانیارى له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌ ئاشكرا ناكات.
 
به‌ڵام كانه‌بی خدر كه‌ گه‌وره‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یه‌، به‌ (رووداو)ی گوت: "ئه‌و ژن و پیاوه‌ی كه‌ كوژراون ئامۆزای یه‌كدین، ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانه‌كه‌یشی كردووه‌ برای كوژراوه‌كه‌یه‌، هه‌ردووكیشیان پێشمه‌رگه‌ن".
 
 (ر) دوای ئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی به‌ڕێده‌كات بۆ ده‌وام، كاتێك ده‌زانێت ژنی شووبراكه‌ی له‌ ماڵ نییه‌ و چووه‌ته‌ ماڵى باوكى، منداڵه‌كانی له‌ ماڵه‌وه‌ جێده‌هێڵێت و ده‌چێته‌ ماڵى شووبراكه‌ى.
 
كانه‌بى ده‌ڵێت: "مێردی ژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ براى ژنه‌كه‌ی سه‌عات پێنجى به‌یانى ده‌چن بۆ ده‌وام، دواى ئه‌وان (ر) چووه‌ته‌ ماڵى ئامۆزاكه‌ى. هه‌ر ئه‌و به‌یانییه‌ مێرده‌كه‌ى گه‌ڕابووه‌وه‌، به‌ڵام نازانین بۆچى، كاتێك ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ ده‌بینێت منداڵه‌كانى خه‌وتوون، به‌ڵام ژنه‌كه‌ى له‌ ماڵ نییه‌، وادیاره‌ پێشتر گومانى له‌ ژنه‌كه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ خیانه‌تى لێده‌كات، بۆیه‌ كه‌ له‌ ماڵ نایدۆزێته‌وه‌، یه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ ماڵى براكه‌ى".
 
 (ب) له‌ ماڵى براكه‌ى تووشى شۆك ده‌بێت كه‌ به‌و به‌یانییه‌ زووه‌ هاوژینه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ براكه‌ى ده‌بینێ، ئیدى ده‌ست بۆ چه‌كه‌كه‌ى ده‌بات و ته‌قه‌یان لێده‌كات. 
 
كانه‌بى ده‌ڵێت: "ئه‌و پیاوه‌ كه‌ ژنه‌كه‌ى به‌و شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ براكه‌ى بینیوه‌، باوه‌ڕى به‌و دیمه‌نه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ژنێك دایكى دوو منداڵیه‌تى و له‌گه‌ڵ نزیكترین كه‌سى كه‌ برایه‌تى خیانه‌تى لێده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر له‌وێ ده‌ستدڕێژى گولله‌یان لێده‌كات و ده‌یانكوژێت". 
 
به‌ گوته‌ى كانه‌بى، (ف) كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، شه‌وى پێش رووداوه‌كه‌ له‌ ده‌وام گه‌ڕابووه‌وه‌، ژن و منداڵه‌كانى له‌ ماڵى خه‌زوورى بوون. به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت تا ئێستاش نازانین (ب) بۆچى ئه‌و به‌یانییه‌ په‌شیمان بووه‌ته‌وه‌ و نه‌چووه‌ بۆ ده‌وامه‌كه‌ى.
 
كانه‌بی گوتی: "من به‌یانى زوو هه‌ستام نوێژى به‌یانیم كرد، له‌ناكاو ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم، خێرا چووم بۆ شوێنى رووداوه‌كه‌. كه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ بینیم هه‌ردوو ته‌رمه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتبوون، یه‌كسه‌ر پۆلیسم ئاگادار كرده‌وه‌. ئه‌وان هاتن و ته‌رمه‌كانیان بردن بۆ په‌یمانگه‌ى پزیشكى دادوه‌رى". 
 
گوتیشى: "هه‌ردووكیان نزیكه‌ى 10 گولله‌یان به‌ركه‌وتبوو".
 
دواى ئه‌وه‌ى پشكنین بۆ ته‌رمه‌كان كرا، كانه‌بى ته‌رمه‌كانى له‌ په‌یمانگه‌ى دادپزیشكى وه‌رگرته‌وه‌. دواتر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌ پیاوانى بنه‌ماڵه‌كه‌ى ته‌رمه‌كانیان له‌ گۆڕستانێك شاردنه‌وه‌.
 
له‌ كوردستان ئه‌وانه‌ى به‌ناوى شه‌ره‌فپارێزییه‌وه‌ ده‌كوژرێن، رێوڕه‌سمى ناشتن و پرسه‌ی شكۆداریان بۆ ناكرێ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك بنه‌ماڵه‌ ئاماده‌ نین ته‌رمه‌كانیشیان وه‌ربگرنه‌وه‌ و دواتر شاره‌وانى ته‌رمه‌كه‌ ده‌نێژێ.
 
كانه‌بى ده‌ڵێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرسه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ دانانێین، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ڵه‌یه‌كیان كردووه‌ جێى شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان، ئه‌وان هه‌ردووكیان خاوه‌ن منداڵ بوون. ده‌بووایه‌ بیرێك له‌ منداڵه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌".
(ب) دواى تاوانه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌، كه‌سوكاریشى سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار نه‌كردووه‌. كانه‌بى ده‌ڵێت "دایك و باوكى ئافره‌ته‌كه‌ و پیاوه‌كه‌ سكاڵایان تۆمار نه‌كردووه‌، به‌نیازیش نین سكاڵا تۆمار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ڵه‌یان كرد، دوو بنه‌ماڵه‌یان وێران كرد. چوار منداڵ به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌ هه‌تیو بوون".
 
باوكی ئافره‌ت و پیاوه‌ كوژراوه‌كه‌ كه‌ برای یه‌كدین كێشه‌كه‌یان داوه‌ته‌ ده‌ستی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان كه‌ كانه‌بیه‌، ئه‌ویش ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ى (ب)یش نه‌كه‌وێته‌ زیندان، هه‌وڵده‌ده‌ین كێشه‌كه‌ به‌ عه‌شایه‌رى چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە