خانمە شاعیر و هونەرمەندێکی سنە ماڵەکەی دەکاتە شوێنێکی کولتووری

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
خاتوو سیمین چایچی، شاعیر و نووسەر
خاتوو سیمین چایچی، شاعیر و نووسەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سیمین چایچی، شاعیر، نووسەر و چالاکڤانی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە سنە ماڵێکی کولتووری - هونەریی کردووەتەوە بۆ پێشوازی لە خەڵک و گەشتیاران و بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی و هونەری تێیدا.
 
ئەو خانمە شاعیر و نووسەرە خانوویەکی کۆنی لە گەڕەکی قەتارچییانی نێو شاری سنە لە باوکی بۆ بە میرات ماوەتەوە و لە جێگەی ئەوەی تێکی بدات، کردوویەتیە ماڵێکی کولتووری و هونەری.
 
لەوبارەیەوە سیمین چایچی دەڵێت، "ئەم ماڵە ماڵی باب و باپیرانم بوو کە من تێیدا دەژیام، ماوەیەک تووشی داڕووخان بوو، واتە ژیان تێیدا ئاسان نەبوو و خەریکبوو لەدەستدەچوو. بڕیارم دا بیڕووخێنین و دیسانەوە وەکو شوقە دروستی بکەینەوە، بەڵام ئەوەش بە هەندێک هۆکار نەکرا. ئەوە بوو بیرم لەوە کردەوە کە بە نوێکردنەوەی ئێرە شوێنێک دروست بکەم؛ چونکە خۆم کەسایەتییەکی فەرهەنگی بووم، شوێنێک دروست بکەم کە شوێنێکی بچکۆلە لە فەرهەنگ و مێژووی شارستانیی کوردەواری زیندوو ببێتەوە."
 
خاتوو سیمین دوو ساڵ و نیو لەگەڵ خاک، ئاجۆر، گەچ و چیمەنتۆ تێکەڵ بووە، تاوەکو کارەکە تەواو بوو و شوێنەکە بە تەواوی نوێکرایەوە، دەڵێت، "ئێستا ئیدی کێشەی رووخان و مەترسیی دیکەی لەسەر نییە."
 
ماڵەکە خواردنگەی خواردنە کوردییەکان و کۆفی شۆپ و شوێنی مانەوەشی هەیە بۆ گەشتیاران، رێوڕەسمی وەکو پەردەلادان لەسەر کتێب، کۆڕی ئەدەبی و رێوڕەسمی جیاوازی کۆمەڵایەتیی تێدا بەڕێوەدەچێت.
 
چایچی دەڵێت، "پێم خۆش بوو ئێرە شوێنێک بێت کە خەڵک بە ئاسانی بتوانن دابنیشن و پێکەوە قسە بکەن و ئاڵوگۆڕی فکری بکەن؛ نەک تەنیا لە شاری سنە، بەڵکو ئەوانەش کە لە دەرەوەی ئێرەن، ئەوانەش کە هاتووچۆی شاری سنە دەکەن، تەنانەت ئەو میوانانە کە وەکو گەشتیار دێن."
 
شوێنەکە زیاتر شوێنێکی فەرهەنگییە وەک لەوەی قاوەخانە و رێستۆرانتێک بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانیشی تێدا دەکرێت، هەندێک لە ژنان لەوێ لەسەر کتێبەکان گفتوگۆ دەکەن و هونەرمەندانی وێنەکێش دەچنە ئەوێ، هەربۆیە خواردن و خواردنەوەشی تێدایە، خاتوو سیمین دەڵێت، "بە هەموو لایەکیشم گوتووە کە ئێرە ماڵی خۆتانە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە