رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند بۆردێکی تایبەتیان بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی گرێبەستی تاقیگەکان دروستکردووە و "لە بەدواداچوونەکانمان دەرکەوتووە ئەو کۆمپانیایەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەنجامدراوە تەنیا 4 مانگە دروستکراوە و هیچ ئەزموونێکی لەوبوارە نییە".
لەبارەی کۆنەبوونەوەی پەرلەمانیش رایگەیاند، بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی پەرلەمان کۆنابێتەوە و گوتی "ئێمە بڕیارمانداوە رێژەی یاسایی پەرلەمان بۆ هیچ لایەکیان دژی لایەکەی دیکە تەواو نەکەین."
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتیشی: "گرێبەستی سپاردنی تاقیگەکان بە کۆمپانیایەک بۆ ماوەی 10 ساڵ بێ هیچ کێبڕکێیەک کراوە و قۆرخکاریی تێدایە".
لەبارەی بەڵگە و بەدواداچوونەکانی ئەم گرێبەستەش، عەلی حەمەساڵح گوتی: "ئێمە بۆردێکی تایبەتمان بۆ ئەم پرسە لە کەسانی پسپۆڕ دروستکردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانمان لەبارەیەوە ئەنجامداوە و هەموو بەڵگەکانمان ئامادەن و متمانەمان بە دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان نییە کە بتوانێت رێگریی لێبکات، هەربۆیە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەکان و هەڵسەنگاندنین تاوەکو لەرێگەی دادگەی فیدراڵی عێراقەوە تانەی لێبدەین".
گرێبەستی پێدانی تاقیگەکانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیایەک بۆ ماوەی 10 ساڵ لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیاکە پابەند دەکرێت بەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ هەموو پێداویستییەکانی تاقیگەکان دابین بکات و بەشێک لەو کەسانەی رەخنە لە گرێبەستەکە دەگرن پێیانوایە ئەو گرێبەستە ببێتە هۆی گرانکردنی نرخی پشکنین لە تاقیگە حکومییەکان لەسەر هانیشتمانییان، بەڵام موحسین کاک ئەحمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتیی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەو پڕۆژەیە بەشێوەیەکە کە هەموو خزمەتگوزارییە تاقیگەییەکان دەدرێن بە کەرتی تایبەت و پڕۆژەکە نرخی پشکنینەکان زیاد ناکات و هەر بەهەمان نرخی پێشوو دەبن".
"لەمەودوا کێشەی نەبوونی پشکنین و ناڕێکیی کەلوپەلی تاقیگەکانیش لە نەخۆشخانە حکومییەکان نامێنێت، چونکە بە تەندەر هەمووی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دابیندەکرێن''، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتیی هەولێر وای بە رووداو گوت.
کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست کە رەوتەکەیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 4 کورسیی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و خۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکەیانە؛ گوتی: "تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردێت، پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت کۆببێتەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەندە بە رێککەوتنی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە."
گوتیشی: ئێمە وەکو رەوتی هەڵوێست بەشێک نین لە ململانێی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێکیش نابین لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەربۆیە بڕیارمانداوە رێژەی یاسایی پەرلەمان بۆ هیچ لایەکیان دژی لایەکەی دیکە تەواو نەکەین.
کاتێک نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی بەردەوامی قاچاخیی خاڵە سنوورییەکانیشەوە پرسیاری لە بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست کرد، عەلی حەمەساڵح گوتی: "ئەوەی لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان هەیە قاچاخی نییە، بەڵکو بە ئاشکرا کاڵا بەبێ گومرگ هاوردە دەکرێت و داهاتەکەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە."
"لە سلێمانی نووسینگەی ئاشکرا هەیە و بەناوی 'تەنسیق' هەر کاڵایەکت بوێت بە پارە و بەبێ گومرگ لە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان،" عەلی حەمەساڵح وای گوت.
گوتیشی: ئەگەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بیانەوێت و بڕیار بدەن، هەر ئەمشەو قاچاخی لە مەرزەکان رادەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ