کوردستان
هەڵمەتێکی ساڵی رابردووی پۆلیسی هەولێر بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سبەی یەکشەممەوە لە 40 بنکەی پۆلیس لە هەرێمی کوردستان دەستدەکرێت بە تۆمارکردنی چەکی ئاگرین و دەبێت هاونیشتمانییان تاوەکو تەممووزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن ئەگینا لە دوای ئەو وادەیەوە وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. دەشڵێت، "لە ساڵی 2022دا زیاتر لە هەزار و 300 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە".
کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 07-01-2022، بە رادیۆی رووداوی گوت، لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چەکەکانیان رادەست بکەن و تۆماری بکەن.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان گوتی، رێنمایی ژمارە 6ی ساڵی 2022 کە تایبەت بوو بە داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین بە دوو قۆناخ بووە، یەکەم 14 لیژنەی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و ئاسایش پێکهێندرا بۆ داماڵینی چەکی جەنگی و رادەستکردنی بە حکومەت کە لە هەولێر؛ چوار بنکە، سلێمانی؛ سێ بنکە، دهۆک؛ دوو بنکە، هەڵەبجە؛ یەک بنکە و هەر یەکە لە ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆ هەریەکە و یەک بنکە هەن کە تایبەتن بە داماڵینی چەکی جەنگی.
کارزان ئەمیر ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 40 لیژنەی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە و ئاسایش بۆ تۆمارکردنی چەکی ئاگرین (دەمانچە، کڵاشینکۆف و هاوشێوەکانی) پێکهێنراوە کە بەم شێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر، هەشت بنکە (ئازادی، راپەڕین، شەقڵاوە، پیرمام، عەنکاوە، خەبات، دەشتی هەولێر و کۆیە).
- پارێزگای سلێمانی، 11 بنکە (سەیدسادق، ئەزمەڕ، قەرەداخ، دووکان، چوارچرا، پێنجوێن، دەربەندیخان، شارەزوور، ماوەت، شارباژیر و چەمچەماڵ).
- پارێزگای دهۆک حەوت بنکە (ئاکرێ، نزارکێ، ماڵتا، بەردەڕەش، شێخان، سێمێل و ئامێدی).
- پارێزگای هەڵەبجە چوار بنکە (هەڵەبجە، بەمۆ، سیروان و بیارە).
- ئیدارەکانی، گەرمیان، سێ بنکە (شەهیدان، کفری و مەیدان)؛ راپەڕین دوو بنکە (قەڵادزێ و رانیە)؛ سۆران چوار بنکە (چۆمان، مێرگەسۆر، رەواندز و سۆران). زاخۆ یەک بنکە هەیە کە بنکەی پۆلیسی زاخۆیە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بەگوێرەی رێنماییەکە، لە کاتی تۆمارکردنی چەک، بەڵێننامە بە خاوەنەکەی پڕ دەکرێتەوە کە چەکەکە لای خۆی دەبێت و نایفرۆشێت و هەڵناگرێت لەگەڵ خۆی.
لەبارەی قۆناخی دوای تۆمارکردنی چەکی ئاگرین، موقەدەم کازران ئەمیر ئاماژەی بەوە کرد، "دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمارکردنەکە، وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی پێویستیی خاوەن چەکەکان، بۆ ئەوەی کەسەکە شیاوە بۆ ئەوەی چەکی پێبێت و مۆڵەتی چەک وەربگرێت بەگوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022 تایبەت بە هەڵگرتنی چەک."
یاسای هەڵگرتنی چەک لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا هەموارکرایەوە، بەگوێرەی یاساکە، مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک تووندکراون لەچاو یاسای پێشوو. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بەگوێرەی، یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022ی هەڵگرتنی چەک دەبێت. کەسەکە دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمترنەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و کێشەی ئەمنی نەبێت. هەروەک پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک."
گوتیشی، "ئەگەر کەسەکە شیاو نەبێت بۆ پێدانی مۆڵەت، وەزارەتی ناوخۆ خەمڵاندن بۆ چەکەکە دەکات و چەکەکەی لێ وەردەگیرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە."
بەگوێرەی رێنمایی تایبەت بە تۆمارکردنی چەکی ئاگرین و داماڵینی چەکی جەنگی لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو مانگی تەممووزی 2023، هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان دەبێت چەکەکانیان تۆمار بکەن یان رادەستی حکومەتی بکەن.
موقەدەم کارزان ئەمیر دەڵێت، "لەدوای تەممووزی 2023، چەکی تۆمارنەکراو بە هەرکەسێکەوە بگیرێت، ئەوا وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە سزای چەکی قاچاخ تاوەکو 10 ساڵ زیندانییە، پێویستە هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لەدوای تەممووزی 2023 سزاکان نەیانگرێتەوە."
یەکێک لەو بابەتانەی زۆرجار وەکو گرفتێک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک تەماشا دەکرێت، بابەتی بوونی چەک لای کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە لەدوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی. گوتەبێژی پۆلسی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاردراوە بۆ ئەوەی جبەخانەی تایبەت بۆ دەزگا ئەمنییەکان دروستبکرێت، بۆ ئەوەی کارمەندی دەزگا ئەمنییەکان چەکەکانیان نەبەنە ماڵەوە و لە فەرمانگەکەی دابنرێت و پارێزراوبێت.
لەبارەی داماڵینی چەکی جەنگییەوە لەلایەن حکومەت، ئاماژەی بەوەش کرد، "چەکی جەنگی (BKC، هاوەن و دۆشکە و هاوشیوەکانی) نابێت لای هیچ کەسێک بمێنێت و دەبێت رادەستی حکومەت بکرێت و دواتر حکومەت خەمڵاندن بۆ چەکەکان دەکات و قەرەبوو دەکرێنەوە، هەر چەکێک دەستی بەسەردا بگیرێت، ئەوا بۆیان ناگەڕێتەوە."
لەبارەی ئامارەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان گوتی، "تاوەکو پێش مانگی تەممووزی 2022، 850 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام لە مانگی تەممووزەوە کە بڕیارەکە دەرچوو تاوەکو مانگی 12ی ساڵی 2022، نزیکە 523 چەک دەستی بەسەردا گیراوە واتا زیاتر لە هەزار و 300 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە، ئەگەر تۆماریان بکردایە، چەکەکانیان دەستی بەسەردا نەدەگیرا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ