ئافرەتێكی دانیشتووی بنەسڵاوە دوو هەفتەیە ونە

07-12-2019
تریسكە شێرزاد
نیشانەکردن کوردستان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

ئافرەتێكی دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەی سەر بە شاری هەولێر، ماوەی دوو هەفتەیە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. كەسوكاری دەڵێن هیچ كێشەیەكی نەبووە، لەو رۆژەوەی ونیش بووە، لە زۆر شوێن بەدوایدا گەڕاون، بەڵام هیچیان دەستنەكەوتووە.
 
 ئەیهان عەلی، تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەیە، سەعات 2:30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 18/11/2019 لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. ئەیهان لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری كەركووكە، ساڵ و نیوێكە شووی بە كوڕێكی دانیشتووی بنەسڵاوە كردووە.
 
كامەران محەممەد، خەزووری ئەیهان بە ( رووداو)ی راگەیاند: "ساڵێك و شەش مانگە كوڕەكەم هاوسەرگیری لەگەڵ ئەیهان كردووە. منداڵیان نییە، لە نهۆمی دووەمی خانووەكەی ئێمە لەگەڵ كوڕەكەم دەژیان هیچ كێشەیەكیان نەبوو. نازانین بۆ كوێ‌ چووە، دەترسین شتێكی بەسەرهاتبێ‌".
 
كامەران دەڵێت ئەیهان ئەو رۆژە نانی بەیانی و نیوەڕۆشی لەگەڵ مێردەكەی خواردبوو، پاشان چووەتە ژوورەكەی خۆی، بەڵام دواتر دیار نەماوە. 
 
كامەران گوتی: "دەوروبەری سەعات 2:30ی دوای نیوەڕۆ بوو، هاوژینەكەم تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی ئەیهان دیار نییە. هەموو شوێنێكی ئەو ماڵە بەدوایدا گەڕاوم لە ماڵ نییە".
 
كامەران دەگەڕێتەوە ماڵەوە و یەكەمجار هەواڵی بووكەكەی لە دراوسێكانی دەپرسێ‌، بەڵام ئەوان دەڵێن نەیانبینیوە، پاشان دەچێتە گەراجی پاس و تاكسییەكانی كەركووك، لەو باوەڕەدا بووە چووبێتەوە كەركووك، بەڵام لەوێش هیچ زانیارییەكی دەستنەكەوتووە.
 
كامەران پەیوەندی بە برای ئەیهانەوە دەكات، بەڵام ئەویش نائومێدی دەكات كاتێك پێیدەڵێت "ئەیهان نەهاتووە بۆ كەركووك". 
كامەران داوا لە مستەفای برای ئەیهان دەكات بێتە هەولێر بۆ ئەوەی بە یەكەوە بەدوایدا بگەڕێن.
 
كامەران دەڵێت "چووین بۆ بنكەی پۆلیس و لە دیارنەمانی ئەیهان ئاگادارمان كردن، پۆلیس بەڵێنیان داوە بەدوایدا بگەڕێن، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا هیچیان لەبارەی چارەنووسی ئەیهانەوە دەستنەكەوتووە".
 
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: "خەزووری و برای كچەكە سكاڵایان تۆمار كردووە. پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ  كەیسەكە كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكمان دەستنەكەوتووە لەسەر ئەو ژنە، بە گوتەی خانەوادەكەی  هیچ كێشەیەكی نەبووە و نازانن بۆچی بێ ئەوەی كەس ئاگادار بكات ماڵی بەجێهێشتووە. لە لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنە".
 
مستەفا عەلی كە برای ئەیهانە، دەڵێت: "ماوەی ساڵێك و شەش مانگە خوشكەكەم شووی كردووە. هیچ كێشەیەكی لەگەڵ مێردەكەی و ماڵە خەزوورانیدا نەبووە، كاتێك خەزووری پەیوەندی پێوەكردم، بەلامەوە سەیر بوو، چونكە من خوشكی خۆم دەناسم، قەت شتێكی لەو جۆرە ناكات".
 
مستەفا دەڵێت سێ‌ رۆژ پێش ونبوونی خوشكەكەی قسەی لەگەڵ كردووە. ئەو پێیگوتووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ مێردەكەی نییە و ماڵی خەزوورانیشی زۆر باشن لەگەڵی، بۆیە سەری سوڕماوە لە دیارنەمانی خوشكەكەی.
 
دەشڵێت دوای ئەوەی پۆلیسیان ئاگادار كردەوە، سەیری كامێرای ماڵە دراوسێكانی ئەیهانیان كرد، بەڵام لە هیچ كامێرایەك دەرنەچووە.
 
 خاڵی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە ئەو ژنە سەرجەم زێڕەكانی خۆی لەگەڵ خۆی بردووە.
 
مستەفا دیارنەمانی خوشكەكەی دەبەستێتەوە بە كێشەیەك كە لەنێو ماڵی كامەراندا هەبووە و دەڵێت: "بووكە تازەكەیان كێشەی زۆری بۆ دەنایەوە. ئەو رۆژەی ئەیهان لە ماڵ چووەتە دەرەوە. ئەو ژنە چەند جارێك پەیوەندی بە نووری خوشكمەوە كردووە، بەڵام ئەو ئاگادار نەبووە و وەڵامی نەداوەتەوە. ئێمە گومان دەكەین ئەو ئافرەتە وای  لە ئەیهان كردبێت ماڵەكەی جێبهێڵێت، چونكە چەند رۆژێك پێش رۆیشتنی ئەیهان، ئەو بووكەیان تۆراوە و چووەتەوە ماڵی باوكی، لە ماڵی باوكییەوە پەیوەندی بە نووری خوشكمەوە كردبوو". 
 
مستەفا گوتیشی: "ئەیهان رۆژێك پێش رۆیشتنی لەگەڵ خوشكەكەم قسەی كردبوو، پێیگوتبوو چەند رۆژێكی دیكە هەواڵێكت لەبارەی منەوە بۆ دێ". 
 
خانەوادەی ئەیهان لە زۆر شوێن بەدوای ئەو ژنەدا گەڕاون و هیچیان دەستنەكەوتووە، ئەوان لەڕێی رووداوەوە داوا دەكەن هەر كەسێك زانیاری لەبارەی ئەیهانەوە دەستكەوت پەیوەندی بكات بەم ژمارە تەلەفۆنەوە (07504958391).
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە