گەنجێك لەسەر گۆڕینی كەناڵی تەلەڤزیۆن دەكوژرێت

06-12-2019
عومەر چاوشین
نیشانەکردن رووداوی کوشتن
A+ A-
 
رووداو - رانیە

دوای تەواوكردنی وەرزشەكەیان لە هۆڵێكی لەشجوانی لە رانیە، پێشڕەو لەگەڵ هاوڕێكەی چوو بۆ بازاڕی رانیە بۆ ئەوەی لەفەیەك بخۆن، لەوێ‌ لەسەر گۆڕینی تەلەفزیۆن لەگەڵ هاوڕێكەی دەبێتە كێشەیان، دواتر پێشڕەو لەلایەن خاوەنی خواردنگەكە دەكوژرێ‌.
 
 سەعات 9:30ی شەوی 23/11/2019 لە نێو بازاڕی رانیە و لە نزیك پاركی دەروازە، گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی پێشڕەو حوسێن ئەمین، لەلایەن دووكاندارێكی بازاڕەكەوە بە ناوی (ر. سلێمان) بە چەقۆ كوژرا، دواتر پۆلیس بكوژەكەی دەستگیركرد.
 
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەو شەوە شەڕ لەنێوان چەند كەسێك دروستبووە، پۆلیس ئاگادار كرایەوە. لە شەڕەكەدا گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ كوژراوە و یەكێكیش بریندار بووە". 
 
بریندارەكە تەمەنی 29 ساڵە و تۆمەتبارە بە كوشتنی پێشڕەو، ئێستا بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ كراوەتەوە. جگە لە تۆمەتباری سەرەكی، دوو كەسی دیكەش بەپێی ماددە 413 دەستگیركراون.
 
سەبارەت بە هۆكاری رووداوەكە، رائید شۆڕش دەڵێت: "ئەوان ئەو شەوە لەسەر گۆڕینی كەناڵی تەلەفزیۆن بەشەڕهاتوون، هەرچەندە پێشتریش كێشە لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام كێشەكان هی ئەوە نین شەڕیان لەسەر بكرێ‌ و خوێنی تێدا بڕژێ‌".
 
رەسوڵ ئەمین پیرۆت كە مامی پێشڕەوە، دەڵێت ماڵی براكەی هیچ كێشەیان لەگەڵ كەس نەبووە، تەنیا ئەوە نەبێ‌ كە باری ئابوورییان كەمێك خراپە. لەبەر ئەوەش پێشڕەو داوای كردبوو بینێرنە دەرەوە، باوكی هەندێك پارەی بۆ كۆكردەوە و بەڕێی كرد، بەڵام زۆری نەبرد سنووردارش كرایەوە.
 
رەسوڵ دەڵێت كە پێشڕەو سنوورداش كرایەوە، بەلەمێكی كڕی و لە دەربەندی رانیە كاری پێدەكرد، خووی دابووە وەرزش و شەوان دەچووە هۆڵێكی لەشجوانی.
 
رەسوڵ ئەمین باسی شەوی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "پێشڕەو شەوان كە وەرزشەكەی تەواو دەكرد، لەگەڵ هاوڕێكانی دەچوون بۆ بازاڕ بۆ لەفەخواردن، ئەو شەوەش لەگەڵ (م)ی هاوڕێی چووبوون بۆ بازاڕ لەوێ‌ لەگەڵ خاوەنی ئەو دووكانەی لەفەیان لێ خواردبوو لەسەر گۆڕینی تەلەفزیۆنەكە لێیان بووە بە كێشە. (م) تەلەفزیۆنەكەی كوژاندبووەوە و دووكانەكەیان جێهێشتبوو. ئەوانەی لە دووكانەكە بوون گاڵتەیان بە دووكاندارەكە كردووە و تەریقیان كردووەتەوە گوایە لە دووكانەكەی خۆی ئیهانە كراوە و تەلەفزیۆنیان لێ‌ كوژراندووەتەوە. ئەویش چەقۆیەكی گەورەی هەڵگرتووە و دوو چەقۆی لە پێشڕەو داوە".
 
پێشڕەو بە برینداری گەیەنرایە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ‌ مرد. مامی پێشڕەو دەڵێت "كە زانیمان پێشڕەو لەسەر شتێكی وا بێ‌ مانا كوژراوە، تووشی شۆك بووین".  
 
ئەگەرچی كەسوكاری تۆمەتبارەكە ویستبوویان بەشداری لە پرسەی پێشڕەودا بكەن، بەڵام بنەماڵەی پێشڕەو رێگەیان پێنەدابوون. رەسوڵ دەڵێت: "ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ بنەماڵەی تۆمەتبارەكە نییە و هیچ كاردانەوەیەكیشمان بەرامبەریان نابێ‌، پۆلیس تۆمەتبارەكەی دەستگیر كردووە و چاوەڕێین بزانین چ ئیجرائاتێكی بەرامبەر دەكرێ‌".
 
باوكی (م) بەرگری لە كوڕەكەی دەكات و دەڵێت ئەو بەم كارەی ویستوویەتی هەرای نێو دووكانەكە خامۆش بكاتەوە، بەڵام كارەساتی بەدوادا هات.
 
ئەحمەد مستەفا، باوكی (م) دەڵێت: "كوڕەكەم هاوڕێیەكی نزیكی پێشڕەو بوو، ئەو شەوە بە یەكەوە چوونەتە دووكانەكە لەفە بخۆن، لەوێ‌ لەسەر گۆڕینی كەناڵی تەلەفزیۆن بووەتە هەرا، چونكە یاریی تۆپی پێ‌ هەبووە و هەر كەسێك داوای كەناڵێكی كردووە. كوڕەكەشم بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەرایەكە بێنێ‌، تەلەفزیۆنەكەی كوژاندووەتەوە".
 
وەك ئەحمەد باسی دەكات، دوای ئەوەی كوڕەكەی تەلەفزیۆنەكەی كوژاندووەتەوە، دووكانەكەیان جێهێشتووە، بەڵام خاوەنی دووكانەكە بەو كارە زۆر تووڕە بووە، چەقۆیەكی گەورەی هەڵگرتووە و دوای پێشڕەو و كوڕەكەی ئەو كەوتووە، دوو چەقۆی لە پێشڕەو داوە. ئەحمەد گوتیشی: "هەرچەندە ئەو پیاوە هەڕەشە بووە لەسەر گیانی كوڕەكەی منیش، بەڵام من هیچ سكاڵایەكم لەسەری نییە".
 
(موحسین سلێمان) برای (ر. سلێمان) نیگەرانە لە كوشتنی ئەو گەنجە بە دەستی براكەی و دەڵێت: "راستە براكەم بكوژە، بەڵام كوشتنەكە بە پلان نەبووە، قەت حەزمان نەكردووە دەستمان بچێتە خوێنی كەس، پاساوەكەش بۆ كوشتنی ئەو گەنجە زۆر لاوازە".
موحسین هەروەها دەڵێت: "بنەماڵەی كوژراو لەسەر حەقن، بۆیە هەرچییەك بڵێن ئێمە ئامادەین، بە هەموو لایەك هاوكاری یاسا و پۆلیس دەبین بۆ ئەوەی مافی كوژراوەكە نەفەوتێ‌".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، لەکاتی هاتنەخوارەوەی لە فڕۆکەکەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

پەیامی سوودانی لە هەولێر و سلێمانی؛ پێکهێنانی حکومەت 'بە خێرایی' و ناردنی مووچە 'بەمنزیکانە'

نەوت و مووچە، سەرژمێرى و دۆخى ناوچەکە، خێرا پێکهێنانى کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیانییەکى زووى 13ـی تشرینى دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عیراقیان گەیاندە هەرێمى کوردستان، لە زۆربەى دیدارەکانیدا ئامادەى هاوکاری بوو بۆ قۆناخى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان.