تۆمەتباری کوشتنی دوو دووکانداری کرماشان لە تاران دەستگیرکرا

18-09-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن رووداوی کوشتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دوای چەند رۆژێک، "بکوژ"ـی دوو دووکانداری کرماشانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
 
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە مۆڵێکی شاری کرماشان بەهۆی ناکۆکییەوە لەنێوان دوو کەسی دووکاندار، بووەتە شەڕ و دەمەقاڵە، دواتر یەکێکیان بە دەمانچە تەقەی لە کەسەکەی دیکە کردووە و کوشتوویەتی."
 
حەمیدڕەزا کەریمی گوتی، "تۆمەتبارەکە تەقەی لە کەسێکی دیکە کردووە کە نێوبژیوانیی کردوون، ئەویش گیانی لەدەستداوە، دواتر تەقەکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە."
 
داواکاری گشتیی کرماشان دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەو رووداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەیان دەرکردووە و دوای لێکۆڵینەوەکانی هێزەکانی پۆلیس و کۆکردنەوەی زانیاری، بۆیان دەرکەوتووە بەمەبەستی بەجێهێشتنی وڵات، چووەتە سەر سنووری باکووری رۆژئاوای ئێران، بەڵام لەبەرئەوەی سنوورەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندا بووە، نەیتوانیوە بچێتە دەرەوەی وڵات، بۆیە گەڕاوەتەوە و چووەتە شارێکی سەر بە پارێزگای تاران و لەوێ خۆی حەشارداوە.
 
بەگوتەی حەمیدڕەزا کەریمی، دوای بەداواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد، شوێنی تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستنیشانکرا و لە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەو کەسە دەستگیرکرا و دواتر گوازرایەوە کرماشان.
 
تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی کرماشان کراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە