رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک، سوپا دەستی بەسەر موڵکێکی دیکەی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستاندا گرت و دەیەوێت بیکاتە بارەگایەکی نوێی سەربازی.
موڵکەکە هەیکەلێکی تەواونەکراوی باڵەخانەیەکە، کە پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، پارتی بەنیاز بوو بیکاتە بەشی رێکخستنی حیزبەکەی لە کەرکووک.
هەیکەلی بارەگاکەی پارتی دەکەوێتە گەڕەکی شۆڕاو و ماوەی دوو هەفتەیە بە پەلە و بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە کار بۆ تەواوکردنی دەکرێت.
پارتی، ئاگاداری ئەم هەوڵەی سوپای عێراقە و بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدای دەزانێت.
کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە کەرکووک سەربازگەیەک هەیە بەناوی K1، چ پێویست دەکات هێزێکی سوپا لەنێو شار و گەڕەکێکی وەکو شۆڕاو بێت? ئەوان شوێنی خۆیان هەیە و ئەو هەیکەلە شوێنی حیزبێکی مەدەنییە و پێویستە بۆ ئەو حیزبە بگەڕێتەوە، بۆیە دەپرسین؛ ئەو هێزە، بۆچی ئەو بارەگایە بۆ کاری سەربازی بەکاردەهێنێت؟ ئەمە بۆخۆی جێگەی گومانە".
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک رەتیدەکاتەوە کار لە دروستکردنی بارەگای نوێ بکەن و دەڵێت "پەیوەندییەکی باشمان (لەگەڵ پارتیدا) هەیە و تێکینادەین".
جەبار تائی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گوتی "لە بارەگای پێشکەوتووی هێزە هاوبەشەکان لە کەرکووک، کۆبوونەوەی هەفتانەمان هەیە و بەرپرسی میحوەرەکانی پاسەوانیی هەرێمیش تێیدا بەشدارن و، هیچ کێشەیەکمان نییە و هیچ دروستکرنێکی بارەگای نوێش نییە، بە هیچ شێوەیەک بارەگای نوێ نییە و تەنیا بارەگاکەی خۆمانە کە تێیدا دانیشتووین و کاری تێدادەکەین".
سوپای عێراق لەنێو شاری کەرکووک، شەش بارەگای هەیە و دەیەوێت دوای تەواوکردنی هەیکەلی بارەگاکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەوجی لیوای 45ـی سوپای عێراقی تێدا جێگیربکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ