رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رێگەی کەرکووک-هەولێر بۆ بازرگانی کراوەیە و بارهەڵگرەکان دەتوانن بەبێ گرفت باری خۆیان بهێننە سنووری پارێزگای هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ (شەممە، 06-05-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەی سەرەکیی کەرکووک-هەولێر بۆ بازرگانی کراوەیە و بارهەڵگرەکان دەتوانن بەبێ گرفت باری خۆیان بهێننە سنووری پارێزگای هەولێر و دەنگۆی نەکردنەوەی رێگەکە دوورە لە راستییەوە.
لەبارەی کەمیی هاتووچۆکردنی بارهەڵگرەکان لەو رێگەیەشەوە گوتی "هەندێ لە شۆفێرەکان گرفتی مەنەفێسی ئۆتۆمبێل یان گرفتێکی دیکەی یاساییان هەیە، بۆیە ناتوانن یان نایانەوێ لە رێگەی کەرکووکەوە هاتووچۆ بکەن".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەکانی دیکەی نێوان سلێمانی-هەولێر، بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر داخراون و تەنیا ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بچووک و کەسیی هاتووچۆ دەکەن، بۆ گواستنەوەی تایبەتیش، هاوئاهەنگیی لەنێوان یەکە ئیدارییەکاندا هەیە بۆ مۆڵەتپێدان.
رۆژی 02-05-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی نزیک لە بازگەکانی سماقووڵی، هیران و بالیسان رێگەکانیان گرتووە و ئەوەش گرفتێکی گەورەی بۆ جووڵەی بازرگانیی نێوان هەولێر و سلێمانی دروستکردووە.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "بڕیارماندا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووکەوە بێت و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بە زووترین کات ئەو ئامادەکارییانە دەکات بۆ ئەوەی بەربەستەکان نەهێڵێت و بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا هاتووچۆ بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ