پێنج منداڵی خێزانێک لە سۆران لەبەر نەبوونی دەستبەرداری خوێندن دەبن

06-04-2024
ئەندام جەبار
خێزانێکی هەژار لە سۆران پێویستییان بە یارمەتییە
خێزانێکی هەژار لە سۆران پێویستییان بە یارمەتییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو خانوویێکی کۆنی گەڕەکی قەندیل لە سۆران، خێزانێکی حەوت کەسی لە ژیانێکی زەحمەتدا دەژین، بەهۆی نەخۆشکەوتنی منداڵێکیانەوە قەرزار بوون و سەرجەم منداڵەکانیشیان لە خوێندن بێبەش بوون.
 
نەخۆشکەوتنی کوڕێکی ئەو خێزانە پێش چەند ساڵێک و خەرجیی زۆری چارەسەرکردنی، هەموو دەرگاکانی خۆشبەختی و خۆشژیانی لەسەر داخستن.
 
خاوەنماڵ پێشمەرگەیە و دەڵێت تائیستاش قەرزەکانی چارەسەرکردنی کوڕەکەی دەداتەوە، لەبەرئەوەشە ماوەی سێ ساڵە مووچەکەی نەهێناوەتەوە ماڵەوە.
 
هیوا ئەنوەر، خاوەنماڵە و دەڵێ "سێ، چوار ساڵ پێش ئێستا، کوڕێکم نەخۆشییەکی هەبوو و بەردەبووەوە، بۆیە هاتووچۆی ئێرانم پێ کرد بۆ چارەسەر، پارەی زۆرم بۆ چارەسەرکردنی کوڕەکەم قەرز کرد، بەڕاستی ئەوەی کە بێت و بەسەرمانبکاتەوە، ئەگەر بە یەک 250ـش بێت، حیساب بکە حەجێکی کردووە، ئەوەندە دۆخی ژیانمان خراپە." 
 
خێزانەکە لەڕێگەی قەرزی زۆر، چارەسەری کوڕەکەیان کرد، بەڵام خۆشیان پێویستییان بە چارەسەرە و نەبوونی پارە، چارەسەرکردنی دواخستوون، هەر ئەوەش نا، بەڵکو هەژاری ناچاری کردوون هەر پێنج منداڵەکەیان لە خوێندن بهێننە دەرەوە.
 
دایکی منداڵەکان دەڵێ "یەک دینار لە ماڵماندا نییە، منداڵەکانم داوای شتم لێ دەکەن، بەڵام باری داراییمان ئەوەندە خراپ بوو، کە لەبەر نەبوونی منداڵەکانیشمان لە قوتابخانە هێنانە دەرەوە."
 
خانووێکی وێران شوێنی ژیانی ئەو خێزانەیە، 100 هەزار دینار کرێی مانگانەی خانووەکەیانە و چاویان لە دەستی خێرخوازانە لەم نەهامەتییە رزگاریان بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە