کوردستان
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا (5-2-2024)، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دووەم کۆبوونەوەی خۆی بکات، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ پارتی یەکلابووەتەوە، سیروان رۆژبەیانیش بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
دوێنێ دووشەممە، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگەی نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگار هەڵبژێردرا، بەڵام هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دواخرا.
د. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "پێشتر رێککەوتن کرابوو بۆ ئەوەی هەر پێنج پۆستە سەرەکییەکەی پارێزگەی نەینەوا لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەدا یەکلابکرێتەوە، بەڵام دواتر سێ لە پۆستەکان یەکلاکرانەوە و پۆستەکانی جێگری یەکەم و دووەمی پارێزگاری نەینەوا مانەوە".
د. ئەحمەد دووبەردانی گوتیشی، "بەهۆی بوونی ناکۆکی لەبارەی پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری نەینەوا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دانیشتنەکەی بۆ رۆژی پێنجشەممە هەڵگرت".
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگار لەلایەن پارتییەوە، ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، "هیچ مەترسییەک لەسەر پشکی پارتی نییە کە پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوایە، لایەنەکان گرفتیان لەوە نەبوو پارتی ئەو پۆستە وەربگرێت".
لەبارەی بەربژێری پارتیش بۆ ئەو پۆستە، د. ئەحمەد دووبەردانی گوتی، "پارتی سیروان رۆژبەیانی بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری نەینەوا بەربژێر کردووە و دانیشتنەکەش رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت و دەنگدان بۆ ئەو دوو پۆستەی کە ماون، بە ئاشکرا دەبێت."
رۆژی دووشەممە کە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا بەڕێوەچوو، د. ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ