رێبوار تەها: خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک موڵکی وەزارەتی بەرگری نین

06-01-2024
پەیمان محەممەد
کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رێبوار تەها
کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رێبوار تەها
نیشانەکردن گەڕەکی نەورۆز کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی دەرچووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، بەدواداچوونی یاسایی بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز دەکەن، ئاشکراشی دەکات لە بەدواداچوونی سەرجەم ئەو موڵکانەی وەزارەتی بەرگری خاوەنیانە،''بە هیچ شێوەیەک'' باس لە گەڕەکی نەورۆز وەکو موڵکی وەزارتی بەرگری نەکراوە.
 
رۆژی شەممە 06-01-2024 رێبوار تەها، بەربژێری دەرچووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کێشەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی شارەکە رایگەیاند، ''لە رابردووشدا زۆر هەوڵدراوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر خانووی دانیشتووانی کوردی ئەم گەڕەکەدا بگیرێت، بەڵام چەندین جار پیلانەکەمان پووچەڵکردووەتەوە، کە بەداخەوە ئێستا دووبارە سەریهەڵداوەتەوە.''
 
رێبوار تەها گوتی، ئەوە کاری سوپا نییە، بچێتە سەر خانووەکان و گوشار بخاتە سەر هاونیشتمانییان بۆ چۆڵکردنیان، ''بەڵکو دادگە هەیە و لایەنی پەیوەندیدار لەنێو حکومەتدا دەبێت بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە.''
 
رۆژی 2ـی کانوونی دووەم، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک بۆ چۆڵکردنی 122 خانوو، کە لە سەردەمی رژێمی بەعس بە زێدەڕۆ لەسەر زەویی هاووڵاتییانی کورد دروستکراون و دەستیان بەسەر ئەو خانووانەدا گرت، چۆڵ بوون، هەروەها ناوی ئەو خێزانانەشیان تۆمار کرد کە لە خانووەکاندان و داوایان لێکردن بە زووترین کات چۆڵی بکەن.
 
ئەو بەربژێرە دەرچووەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوونی سەرجەم ئەو موڵکانەی وەزارەتی بەرگری خاوەنیانە، پێکهێنابوو کە نوێنەری زۆربەی وەزارەتەکانی تێدا بوو، بەڵام لە راپۆرتی بەدواداچوونەکەدا ''بە هیچ شێوەیەک'' باس لە گەڕەکی نەورۆز وەکو موڵکی وەزارتی بەرگری نەکراوە.
 
بەپێی قسەکانی رێبوار تەها، سوپای عێراق بە بڕیارێکی ساڵی 2019 دەستیکردووە بە گوشارخستنەسەر هاونیشتمانییان بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، ''بەڵام ئەو کات ئێمە بڕیارەکەمان پووچەڵکردەوە، کەچی ئێستا بە هەمان شێوە ئەو بڕیارەی پێشووتریان هێناوەتەوە.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی داوا لە سوپای عێراق دەکات کۆتایی بە دەستوەردان لە ناوچەکە و گوشارخستنەسەر هاونیشتمانییان بهێنێت و گوتی، ''ئەوەی کە لە کەرکووک و گەڕەکی نەورۆز روودەدات، لەڕووی میزاجەوەیە و تەنیا چاویان لەسەر موڵکی دانیشتووانی گەڕەکەکەیە.''
 
هەریەک لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە رووداویان راگەیاندبوو، لە ئاستی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکە لەسەر هێڵن.
 
دواجار سوپای عێراق لەژێر گوشاردا کشانەوە، بەڵام حەوت خانووی گەڕەکی نەورۆز کە سوپا دەستی بەسەرداگرتبوون، رادەستی پۆلیس کران.
 
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە فەرمی دەستبەکار نەبووە. رێبوار تەها دەڵێت، هەموو هەوڵی سوپای عێراق ئەوەیە؛ لەم بۆشاییە کارگێڕی و یاساییەی پارێزگای کەرکووک، کەڵک وەربگرێت و کار و پیلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
 
ئەو بەربژێرە دەرچووەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگاکە کێشەی دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز چارەسەر بکات ''بۆیە داوا دەکەین سوپای عێراق لە گەڕەکەکە بکشێتەوە، ئەگەرنا ئێمەش دەتوانین رێکاری دیکە بگرینەبەر، بەڵام پاراستنی ئەمنییەتی کەرکووک بۆمان گرنگە.''
 
رێبوار تەها ئاماژەی بەوە کرد، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی تیمێکی پارێزەرانی راسپاردووە کە سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق تۆماربکەن و لە رووی یاساییەوە بەدواداچوونی پێویست بکەن، دەشڵێت، ''بەڵگەی یاسایی لەسەر سەرجەم پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق، دەدرێتە لایەنی پەیوەندیدار.''
 
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کەی دەکرێت؟
 
دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بکەن. پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش دەکەوێتە دوای گەڕانەوەی ئەنجامی تانەی هەڵبژاردنەکان. 
 
رۆژی 03ــی ئەم مانگە، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى عێراق رۆژی بە رووداوی راگەیاند، لە کۆی 329 تانە، کۆمیسیۆن 294 تانەی رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە. بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەستەی دادوەری ئەنجامی تانەکان یەکلابکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە