وەزارەتی شەهیدان: کار دەکەین لە بری زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بدرێتە کەسوکاری شەهیدان

06-12-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، حکومەت لە پلانی دایە لە بری دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسیدا، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکات، بەڵام "هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەیەوە نەدراوە"؛ گوتەبێژی ئەو وەزارەتەش دەڵێت: "چوار وەزارەت و دەستەی وەبەرهێنان بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەیەک بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەتەوە و دەیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران."
 
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە بری دابەشکردنی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی دابینبکات، بەڵام ئەمە کاری لەسەر دەکرێت و هێشتا بەتەواوەتی جێگیر نەکراوە."
 
رۆژی دووشەممە 5-12-2022، لەسەر ئەو پرسە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ وەزیرانی داد، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داوای وەزیری کاروباری شەهیدان لە وەزارەتی داد کۆبوونەوە. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، عادل ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی، بڕیارە لە بری زەوی یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکرێت." 
 
عادل ساڵح گوتیشی: "دوای یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە ئەو وەزیرانە یاداشتێک دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران، لەوێ هەموو لایەن و رێکارەکان دەخەنەڕوو و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە دا، پێشتر کە داوای زەوی دەکرا، بەهۆی نەبوونی زەوییەوە بەشێک لە شارەوانییەکان زەوییان دابین نەدەکرد یان ئەو کەسانەشی کە زەوییان وەرگرتووە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە بیکەن بە خانوو و پارەیان نەبووە بەناچاری زەوییەکانیان فرۆشتووە و بەشێکیان ئێستا کرێچین، بۆیە بیریان لەوە کردووەتەوە لە جیاتی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بدرێتە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.