رووداو دیجیتاڵ
پژاک ناسنامەی گەریلایەکیان بڵاودەکەنەوە کە لە بۆردوومانێکدا لە چیای ئاسۆسی شارباژێڕ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا گیانی لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە 5-12-2022، یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ناسراو بە یەرەکە، کە سەر بە (پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان - پژاک)ە راگەیێندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی یەکێک لە گەریلاکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سیپان سلێمان حەسەن ناسراو بە سەرحەد رۆژئاوا لە رۆژی 29ی تشرینی یەكەم لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە چیای ئاسۆس لە سنووری شارباژێڕ شەهید بووە."
پژاک زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەو کەسە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ ئەوانەدا بەشداریی چالاکییەکانی کردووە و ساڵی 2022 لە چیای ئاسۆس گیانی لەدەستداوە.
رۆژی هەینی رابردووش 2-12-2022 زنجیرە چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
یەکینەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان (یەرەکە) گرووپێکی چەکدارن و سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ن. لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بنکەیان هەیە و خۆیان دەڵێن "دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەباتی چەکداریی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ