تایبەتمەندییەک لە مۆبایلەکانی سامسۆنگەوە؛ 'لە دەرەوەی ماڵەکەت ئامێرە کارەباییەکان بکوژێنەوە و داگیرسێنەوە'

06-11-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ گالاکسی
بەرهەمە نوێیەکانی کۆمپانیای سامسۆنگ گالاکسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

Galaxy Z Fold 5 و Galaxy Z FLIP 5 دوو مۆبایلی ناوازەی کۆمپانیای سامسۆنگ گالاکسین کە لە مانگی حەوتی ئەم ساڵەوە راگەیێندراون و خراونەتە بازاڕەکانەوە، لە هەرێمی کوردستانیش ئێستا بەردەستە و سەرنجی بەشێک لە بەکارهێنەرانی راکێشاوە.

شاسوار گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی زیرەک و وردە لە تایبەتمەندی مۆبایلەکان لەو بارەیەوە گوتی، "گالاکسی ساڵ بە ساڵ پێشکەوتووتر دەبێت، شاشەکەی لە نەوەکانی دیکە بچووکتر بوو، بەڵام ئێستا هەمووی کراوەتە شاشە، بەشی پشتەوەی بەتەواوی شاشەیە، شتێکی زۆر زۆر جوانە، لە چاو مۆبایلەکانی دیکە زۆر شتێکی جوانی کردووە ئەم ساڵ."
 
مۆبایلی سامسونگ Galaxy Z FLIP 5، تایبەتمەندی چەمانەوەی شاشەی هەیە و شاشەی سەرەکی dynamic Amoled 2x ـی 6.7 ئینجییە، کاتێک مۆبایلەکە دەچەمێنیتەوە شاشەیەکی بچووک بەردەست دەبێت کە Flex لە 3.4 ئینجە و هەموو بەرنامەکانی دەتوانیت لەسەر ئەم شاشە بچووکە بەکاربهێنیت و سێڵفی پێبگریت.

رامی ئەو مۆبایلە هەشت گێگابایتە و تایبەتمەندی رام پڵەسی هەیە، ئەو مۆبایلە دوو کامێرای هەیە، کامێرای پشتەوە و کامێرای گۆشە فراوانی 12 مێگاپێکسڵە و کامێرای سێڵفی 10 مێگاپێکسڵە.

جۆرێکی دیکەی مۆبایلە ناوازەکەی سامسۆنگ گالاکسی Galaxy Z Fold 5 کە کێشی مۆبایلەکە 253 گرامە و خاوەنی رەیتی IPX8  دژ بە ئاوە کە تاوەکو قوڵایی مەتر و نیوێک بۆ ماوەی نیو کاژێر توانای بەرگەگرتنی هەیە.

مۆبایلەکە خاوەنی سێ شاشەیە کە دەتوانرێت وەکو دەفتەر دابخرێت و قەڵەمی زیرەکی بۆ نووسین لەگەڵ بەکاربهێنرێت، رامی ئەو مۆبایلە 12 گێگابایتە.

یاران ئاراز، بەڕێوەبەری مارکێتینگ لە سامسونگی عێراق، لەبارەی بەرهەمە نوێیەکەی سامسۆنگەوە بە رووداوی گوت، کڕیاری تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە بازرگانن یان بەڕێوەبەری کۆمپانیان ئەوانە زۆربەی ئەم مۆبایلە بەکاردەهێنن. "دەتوانیت وەک مۆبایل و وەکو تابلێت لەهەمان کات بەکاریبهێنیت."

پێشکەوتنەکانی سامسونگ هەر ئەوەندە نین لە نێو شۆو روومی سامسونگ لە هەولێر یاران ژوورێکی نموونەیی پێشانی پەیامنێری رووداو دا. 

یاران ئاراس دەڵێت، "ئێستا ئێمە لەنێو ئەو ژوورەین لە نێو شۆو روومی سامسونگ کە پێی دەگوترێت Smart things لەوانەیە ئێستا تۆ باوەڕ نەکەیت بەڵام ئەو ژوورە هەمووی بەیەکەوە بەستراوە لەسەر مۆبایلەکەمان دەتوانم هەر شتێک کۆنترۆڵ بکەم وەک چۆن دەمەوێت بۆ نموونە بمەوێت تەلەفزیۆن بکوژێنمەوە یان پێی بکەمەوە، سپلیت بکوژێنمەوە یان پێی بکەمەوە، یان ئێستا کە کێشەی خەرج بوونی کارەبامان هەیە دەتوانین لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە بزانین کە چەند کارەبامان خەرج کردووە بۆ نموونە تۆ لە دەرەوەی بەس دەتەوێت بەفرگرەکەت بکوژێنییەوە دەتوانی لە رێگەی مۆبایلەکەت بیکوژێنییەوە یان دەتەوێت جلشۆرەکەت کار پێبکەی پێش ئەوەی بێیتە ماڵەوە دەتوانی بە مۆبایلەکەت بیخەیتە کار."

جیاواز لەو دوو مۆبایلە سامسونگ ئەم ساڵ سێ جۆر کاتژمێری زیرەکیشی خستووەتە بازاڕ ئەوانیش galaxy watch 6 و galaxy watch 6 classic و galaxy watch 6 classic astro  و زنجیرەی گالاکسی تابلێت S9 کە بە مۆدێلەکانی S9 ،S9+ ،TAB S9 ULTRA هەن  ئەوانیش لەو بەرهەمانەن کە سامسونگ ئەم ساڵ پێشکێش بە بەکارهێنەرانی کردووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە