رووداو دیجیتاڵ
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـوە و دوای شەش ساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی لە کەرکووک وەرگرتەوە بەمەش پارتی دوای ئەو ماوەیە دەست بە کاری سیاسی خۆی دەکاتەوە لەو شارە. باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەخشییە زانکۆی کەرکووک و یاریدەدەری پارێزگاریش دەڵێت، "دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی ئاگری فیتنەی کووژاندەوە."
پارتی پێشتر بە بڕیارێکی سەرکردایەتیی حزبەکە ئەو بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، پێشکێش بە زانکۆی کردبوو و لە مەراسیمێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا و بەرپرسی لقی سێی پارتی بارەگاکەیان رادەستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، "بەفەرمی ئەو بارەگایە رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان کرایەوە، بەسووپاسەوە جەنابی سەرۆک بارزانی بڕیاریدا ئەم بارەگایە بەدیاری بدرێتە زانکۆی کەرکووک، ئەم بڕیارەی جەنابی سەرۆک بڕیارێکی ئێجگار گەورەیە."
زانکۆی کەرکووک بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ کردنەوەی دوو کۆلێژی نوێ بەکاردەهێنن کە ماوەیەکە بڕیاریان لێیداوە لەبەر نەبوونی باڵەخانە کردنەوەکەیان دواخستبوو.
دکتۆر عومران جەمال، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، لەبارەی پێدانی باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە زانکۆکەیان، گوتی، "دوو کۆلێژ دەهێنینە ئێرە، کۆلێژی راگەیاندن و کۆلێژی نەوت و گاز، بەو پێیەی ناوچەیەکی نەوتییە و نزیکە لە کێڵگە نەوتییەکان، ئەم شوێنە زۆر لەبارە بۆ کردنەوەی کۆلێژی نەوت و گاز و رەمزی پارێزگاکەیە، پەنا بەخوا هەموو رێکارەکان لەئەنجوومەنی زانکۆ تەواوکراون و رەوانەی بەغدا کراون."
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک، باسی لەوەکرد، "بەڕاشکاویی دەستپێشخەری سەرۆک مەسعود بارزانی بەوەی ئەم باڵەخانەیەی کردە دیاری بۆ زانکۆی کەرکووک، هەروەها بووە هۆکاری کوژاندنەوەی فیتنە و ئاگرێکی گەورە لە کەرکووک."
جگە لە بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، پارتی بارەگای لقی سێ و 16 ناوچە و نزیکەی 25 رێکخراو و بارەگای رێکخراوە ناحکومییەکانی وەرگرتەوە.
هەرچەندە بارەگای پێشووی ئاسایش لە گەڕەکی کوردستان و هەندێک خانووی بەرپرسانی ئەو حزبە ماون و دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڵام بارەگا چۆڵکراوەکانیش زۆربەیان سوتێندراون یان بەتەواوی تاڵانکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ