گەنج چ چاوەڕوانیێکی لە پەرلەمان و کابینەی داهاتووی حکومەت هەیە؟

07-10-2024
ڤەژین موراد
بەشێکی دەرچووانی زانکۆکان چاوەڕێن لایەنەکان دوای هەڵبژاردن کار بۆ دامەزراندنیان بکەن
بەشێکی دەرچووانی زانکۆکان چاوەڕێن لایەنەکان دوای هەڵبژاردن کار بۆ دامەزراندنیان بکەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێران بە درووشم و بەڵێنی جیاواز، بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر لە بانگەشەدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەردەنگ و گوێگری سەرەکییان گەنجانن، کە زیاتر لە 28٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
 
''گەنج چ چاوەڕوانیێکی لە پەرلەمان و کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟" رووداو ئەو پرسیارەی لە چەند گەنج و بەربژێرێک کرد. 
 
شەش ساڵە چاوەڕێی دامەزراندن دەکات؛ رێبوار حەمید بە کۆنمرەی 89 دەرچووی یەکەمی بەشی مێژووە؛ کار و پسپۆرییەکەی دوو جەمسەری لەیەکدی دوورن، چونکە رۆن و تایەی ئۆتۆمبێل، جێی قەڵەم و کاخەزیان لە ژیانی پیشەییدا گرتووەتەوە. 
 
رێبوار حەمید، دەرچووی زانکۆ دەڵێ "بارودۆخی یەکەمەکان جیاوازە لەگەڵ هەموو دامەزراوەکانی دیکە، ئەوان زۆر هەوڵیان داوە. من خۆم لایەنی خێزانداریم فەرامۆش کردووە. لە لایەنی مادیشەوە زیانم پێکەوت، ئەو چوار ساڵەی خوێندنم، دووکانەکەم بە کەسێکی دیکە دا. بەڕاستی حکومەت دەبێ کاری لەسەر بکات، ئێستا 6 دەستەی یەکەمەکان دانەمەزراون."
 
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، نزیکەی 10 ساڵە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بە ئەستەم نەبێت دەرگای دامەزراندنیان لە کەرتی گشتی بۆ نەکراوەتەوە، کەرتی تایبەتیش نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی کەرتی گشتی، جگە لەوەی هەمان ماف و ئیمتیازاتی هاوتا گشتییەکەی نییە.
 
خەدیجە مستەفا، خوێندکاری زانکۆ دەڵێ "لێرە هیچ پشتگیریەکی وەها بۆ گەنجان نابینم، لە کاتێکدا دەبینی نە هەلی کار هەیە نە شتێک کە گەنجان تێیدا سەربکەون."
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆ بەناوی شنیار عەلی گوتی "خوێندکاران کە دەردەچن، دەیانەوێت ئەزموون پەیدا بکەن، کەچی بۆ هەر شوێنێک دەڕۆن، دەڵێن دەبێت ئەزموونی دوو یان 10 ساڵت هەبێت."
 
یاسای کار کە مافی زیاتری بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستەبەر دەکات، لە خولی پیشووی پەرلەمان دەرچووێندرا، بەڵام ماوەی دەرچوونەکەی کەوتە تەمەنی درێژکراوەی پەرلەمان و، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق هەڵوەشێندرایەوە. کاری نیوە ناتەواوی خولی پێشوو، ماوەتەوە بۆ پەرلەمانتارانی خولی شەشەم.
 
حاجی دیدار، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێ "دەبینم گەنجان هێشتا ئومێدیان هەیە و بێ هیوا نەبوون. ئێمەش (هەوڵدەدەین) بتوانین بە سەرۆکی حکومەت و کەسە دڵسۆزەکان، ئەمجارە یارمەتیدەرێکی تەواوی گەنجان بین. هەوڵبدەین هەلی کار و کارگەی گەورەتر و باشتر بهێنینە کوردستان."
 
لاجان محەممەد، بەربژێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوە کرد "یەکەمین کارم ئەوە دەبێت؛ چۆن بتوانم قەرزی بچووک بۆ گەنجان دابین بکەم کە لە رێگەی قەرزی بچووکەوە بتوانن پرۆژەی بچووک و مامناوەندەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، تاوەکو گەنجی ئێمە بتوانێت ببێتە خاوەنکاری خۆی."
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی؛ رێژەی بێکاری لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 16.5٪ بووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کچە خوێندکارێک سەرقاڵی چاودێریی ئەو گوڵەیە کە بردوویەتی بۆ قوتابخانەکەی. وێنە: رووداو

قوتابخانەکەیان دەڵێی باخچەیە؛ لە قوتابخانەیەکی بەردەڕەش چاڵێنجی سەوزکردنی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو

قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەیی بەنێنان لە بەردەڕەش قوتابخانەکەیانیان پڕکردووە لە گوڵ. هەموو قوتابییەکان گوڵێک یان زیاتر دەبەنە قوتابخانەکەیان، دوای ئەوەیشی گوڵ دەبەنە قوتابخانەکە، چاودێریی گوڵەکانیش دەکەن