بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای ورمێ روویدا و زیاتر لە 230 کەس بریندارن

05-10-2022
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک لە ناوچەی خۆی لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا و، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 230 کەس برینداربوون.
 
موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران رایگەیاند، بەپێی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە 230 کەس برینداربوون. 
 
ئەمیرعەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ چوارشەممە 5-10-2022 رایگەیاند، بەشێک لەو کەسانە لە کاتی هەڵاتن بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە برینداربوون و چارەسەری خێرایان بۆ دابینکردوون.  
 
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران دەڵێت، ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری خۆی بووە لە پارێزگای ورمێ و گوڕەکەیشی 5.4 پلەی رێختەر بووە؛ وەک ناوەندەکە دەڵێت، کاژێر 3:51 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە. 

 

 
شەهرام میرزایی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، 10 تیم رەوانەی ناوچەکە کراون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە زیانەکان بکەن.
 
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران باس لەوە دەکات، لە کاژێر 04:00 تاوەکو 07:00ـی بەیانی، نزیکەی 20 بوومەلەرزەی بچووک لە ناوچەکەدا روویانداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە