ئومێد سەباح: هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت

05-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کۆبوونەوە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوت کاریگەریی زۆری لەسەر بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، راگێیندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوتی بیانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکە باسی دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا."
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: [لە کۆبوونەوەکە] تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆبوونەوەکەش باسدەکات و دەڵێت: "نیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوە و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو بە جۆرێک کە ئەم پرسە پێویستی بە رێگە چارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت."
 
لە کۆبوونەوەکەی شاندی دانوستاندکار و کۆمپانیاکانی نەوت باسی ئاڵنگارییەکانیش کرا، ئومێد سەباح دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشوودرێژی کۆمپانیاکان کرا باس لەوەشکرا کە بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن."
 
زیاتر لە 14 مانگ دەبێت، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە لێکەوتەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023 راگیراوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار زیان بە کوردستان و عێراق کەوتووە. 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی سێشەممە، 28-05-2024، رایگەیاند، لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهان، داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا بکرێت.
 
رۆژێک دواتر سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە نیشاندا و رایگەیاند: "دوایینجار لە رۆژانی 19 و 20ـی مانگى ئايار لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."