رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێری گومرگەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 11 مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێنجی ئاداری 2025، رەزا نیک رەوش، بەڕێوەبەری چاودێری گومرگەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 11 مانگی رابردوودا زیاتر لە حەوت ملیۆن و 180 هەزار تۆن کەلوپەلیان هەناردە کردووە.
بە گوتەی نیک رەوش، زۆرترین کاڵا لە دەروازەی سنووری پەروێزخان هەناردە کراوە، کە بەهاکەی 890 ملیۆن و 137 هەزار دۆلار بووە. دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی و سوومار بە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە رووی هەناردەکردنی کاڵاوە.
بەڕێوەبەری چاودێری گومرگەکانی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراون بریتین لە: ئاسن، بەرد، کاشی، میوە و سەوزە، مەڕمەڕ، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەوییش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ