رووداو دیجیتاڵ
کتێبەکانی یەک یەک لەسەر رەفەکان رێکدەخات، ئاوێر 10 هەزار کتێبی لە نزیکەی 800 ناونیشان هێناوە بۆ 15یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کە بڕیارە لە 8 ـی ئەم مانگە بکرێتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژ پێشانگەکە بەردەوامبێت.
ئاوێر حەسەن، خاوەنی ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، دەڵێت: "گرنگترین شت بۆ بەشداریکردن لە پێشانگە، کتێبی نوێ و داشکاندنێکی باشە تاوەکو خوێنەران سوودمەند بن... بێگومان داشکاندنێکی زۆرباشمان کردووە و دەیان ناونیشانی نوێ جگە لەو سەدان ناونیشانەی کە لەو چوار ساڵەدا بڵاوکراونەتەوە و خوێنەران ئاشنای نەبوون، بەهۆی نەکردنەوەی پێشانگە."
کارمەندەکانی ناوەندێکی دیکەی بڵاوکردنەوەی کتێبیش لە خۆشەویستترین شەقام بۆ خوێنەرانی عێراقی، شەقامی موتەنەبی، ـەوە هاتوون، لقی سەرەکیی ئەو ناوەندە لە بەیرووتە، پێنجەم ساڵە بەشداریی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەکەن و بۆ ئەمساڵیش رووبەری 100 مەتریان لە پێشانگەکەدا بەکرێ گرتووە.
کازم عەباس، کارمەندی ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، دەڵێت: "بە نزیکەیی 400 کارتۆن کتێبمان هێناوە و هیوادارین خەڵکێکی زۆر ئامادەی پێشانگەکە بن، کوردەکان حەز بە کتێبی عەرەبی دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی کە دەیانەوێت فێری عەرەبی ببن، بۆیە کتێبە عەرەبییەکان دەکڕن."
هەفتەیەکە ئامادەکارییەکان بۆ 15یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەستیان پێکردووە؛ دەزگای مەدا هاوشێوەی پێشانگەی ساڵەکانی رابردوو سەرپەرشتیاری پێشانگەکەی ئەمساڵیشە.
ئیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری 15 یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: چەندین میوانی تایبەت لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان دێن بۆ پێشانگەکە، پلان وایە رۆژانە نزیکەی نۆ کۆڕ بەڕێوەبچێت لە بەیانیان و ئێواران، لەگەڵ ئاهەنگی میوزیک و گۆرانی و چەندین ئێوارە شیعر، لە رێوڕەسمی کردنەوەکەش سەرۆک بارزانی ئامادە دەبێت.
14یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر لە ساڵی 2019 کرایەوە دوای ئەو، بەهۆی کۆرۆناوە نەتواندرا 15یەمین پێشانگە بکرێتەوە تاوەکو ئەمساڵ.
بۆ پێشانگەی ئەمساڵ 350 کتێبخانە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتەوە بەشدارن، ئەوانەی هەرێمی کوردستان کە بەشدارن ژمارەیان 43 کتێبخانە و ناوەندی چاپە، هەموو عێراقیش ژمارەیان 75ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ