رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەستگیر کردوون کە لە تەلەڤزیۆنەکەیاندا کاریان کردووە.
کەمال کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی حدک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دوو کەسە دانیان بەوەدا ناوە کە پەیوەندییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەک کەسی دەستبەسەر کردن کە دزەیان کردبووە ناو ئۆرگان و رێکخراوەکانیەوە. ئەو چەند کەسە ئەندامی حیزبەکە بوون و لەلایەن بەشی ئەمنیی حیزبەکەوە بە تۆمەتی پلاندانان بۆ زیانگەیاند بە پێشمەرگە و رێکخراوەکانی حیزبەکە گیراون.
لە دوو رۆژی رابردوودا هەواڵ و گوتە لەبارەی هوڵی تەقاندنەوەی بینای تەلەڤزیۆنی حدک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوە. دەگوترا کە تیمێکی 15 کەسی لەلایەن ئەنجوومەنی ئەمنیی حدکەوە دەستگیر کراون کە هەوڵی تەقاندنەوەی تەلەڤزیۆنی ئەو حیزبەیان داوە. بەڵام کەمال کەریمی ئەو هەواڵی تەقاندنەوەیەی رەتکردەوە.
لە ساڵی 2015وە بە لایەنی کەمەوە چوار جار لە ریگەی تەقینەوە، تیرۆر و مووشەکبارانەوە زیانی گیانی بە حیزبی دیموکراتی کوردستان گەیێندراوە.
ئەو رووداوانە بووبوونە مایەی گومان و بە فراوانی رەخنەی ئەوە لە حدک دەگیرا کە زوو ئەندام و پێشمەرگە وەردەگرێت کە بەوەیش هەل بۆ دەزگا مەنییەکان دەرەخسێت کە سیخوڕانیان بخزێننە ناو ریزەکانیەوە.
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی حدک ئەوەی پەسندکرد کە کەموکورتییان هەیە و دەبێت پلانێکی درێژخایەن دابنێن.
نەک تەنیا حدک، لە چوار-پێنج ساڵی رابردوودا حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بوونەتە ئامانجی هێرشی جۆراوجۆر و، کەسانی کاریگەریان لەو هێرشانەدا لە دەست داون، بەڵام زۆرترین هێرش لەسەر حدک بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ