'سێ رۆژە نانمان نەخواردووە'؛ خەڵکی عەفرین لە ئاوارەییدا ئاوارە دەبنەوە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
ئاوارەبووی هاونیشتمانییانی عەفرین لە شەهباوە بۆ تەبقە. وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
ئاوارەبووی هاونیشتمانییانی عەفرین لە شەهباوە بۆ تەبقە. وێنەکان بۆ رووداو نێردراون
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەوروبەری باکووری حەلەب، کە بە ناوچەی شەهبا ناسراوە و زۆربەی ئاوارەکانی سنووری هەرێمی عەفرینی تێدا نیشتەجێ بوون، خەڵکەکە جارێکی دیکە رووبەڕووی کارەساتی بە کۆمەڵ بوونە و لە ئاوارەییدا ئاوارە بوونەوە. دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە، پێداویستی و خۆراکیان دەستناکەوێت. 
 
ساڵی 2018، هاونیشتمانییانی سنووری هەرێمی عەفرین، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکییەوە، ئاوارەی گوندەواری حەلەب (ناوچەی شەهبا) بوون، کە ژمارەیان نزیکەی 200 هەزار کەس بوو.
 
دووەم کۆڕەوی عەفرینییەکان
 
رۆژی 27.11.2024، دەستەی تەحریری شام (جەبهەتولنوسرەی پێشوو) هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و زۆربەی شارەکەی (جگە لە دوو گەڕەکی کوردنیشن بە ناوەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە) گرت. لەلایەکی دیکەشەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە لە تورکیاوە نزیکن، بەرەو ناوچەی شەهبا و شارۆچکەی تەلڕەفعەت پێشڕەوییان کرد و گرتیان.

 

ئێستا ئەو ئاوارانە، دوای شەش ساڵ، نەوەیەکی دیکەیان گەورە بوون و ئەوانیش گیرۆدەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بوون. ئەوانە بە ناچاری چوونەتە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە ناوچەکانی رێڤەبەری خۆسەر و بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی عەفرین.

 

100 هەزار کورد ئاوارە بوونەتەوە و بەشێکیان گیریان خواردووە
 
شێخ مووس ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ کاروباری ئاوارەکان، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئیستا ئێمە لە هەوڵداین بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان."
 
ئەو ژمارەی ئاوارەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتی: "تائێستا نزیکەی 30 هەزار خێزان لە شەهباوە هاتوون بۆ ئێرە [تەبقە]، ئاوارەکان نزیکەی 100 هەزار کەس دەبن."
تەبقە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رەققەوە(دیوی رۆژهەڵاتی رووباری فورات) و لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایە.  
 
شێخ مووس دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر لە رێگەی گەیشتن بۆ ئێرە گیریان خواردووە و هەندێکیشیان هەر لە شەهبا ماونەتەوە، بەڵام تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە چاوەڕێ دەکرێت هەموو خێزانەکان بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
 

ئاوارەیەک: سێ رۆژە نانمان نەخواردووە
 
ئەبو حەسەن، یەکێکە لە ئاوارەکان، رۆژی سێشەممە، 3.12.2024، باسی رەوشی خۆیانی کرد و گوتی: "ئێمە لە دۆزەخدا دەژین، بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانە و تانکەکان و مووشەکەکان. بۆ ماوەی سێ رۆژ هیچ نانێکمان نەخواردووە، هیچ شتێکی لێ نییە و هەموو شتێک دەستی بەسەردا گیراوە."
 
ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی کە دەربەدەر بووە و دەڵێت: "ئێمە سێ رۆژە لە رێگە رۆژمان کردووەتەوە تاوەکو بگەینە ئێرە، لەسەر جادەکان ماوینەتەوە، بێ ئەوەی هیچ شیرێکمان بۆ منداڵ هەبێت. لەسەروو ئەوەشەوە، بەترسەوە رێگەمان دەبڕی."
 
بەهۆی ئەوەی زۆربەیان خەڵکی عەفرینن و لە ئاداری 2018وە کاتێک ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە تورکیا گیرا، روویان لە تەلڕەفعەت کرد، زۆربەیان تا دووبارە ئاوارەبوونەوەیان لە کامپدا ژیاون.
 
شەڕڤانانی هێزی ئازادکردنی عەفرین لە ناوچەی شەهبای باکووری شاری حەلەب کشانەوە و بە رێککەوتن، شارۆچکەی تەلڕەفعەتیان رادەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.

 

 
دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و ئەنەکەسە هاوکاریی مرۆیی پێشکێشی ئاوارەکان دەکەن
 
لە هەرێمی عەفرین، دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە ئاوارەکان دەکات و هاوکاریی مرۆییان پێشکێش دەکات.
 
سەربەست خەلیل، ئەندامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەرێمی عەفرین قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئەمە دووەم رۆژە پێشوازی لە ئاوارەکانی سنووری حەلەب و تەلڕەفعەت دەکەین، خواردن، خواردنەوە، پێداویستییان پێشکێش دەکەین."
 
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمێکی تایبەتی تەندروستیشی لەگەڵدایە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکات.
 
 
هەروەها ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) هاوکاریی ئاوارەکان دەکات. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە هەرێمی عەفرین قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
ئەحمەد حەسەن گوتی: "دوو رۆژە کاروانەکانی خەڵکی ئێمە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی عەفرین، رۆژی 2ـی ئەم مانگە لە بەیانی تا نیوەی شەو پێشوازیمان لە خەڵکی خۆمان کرد، بە بینینەوەی ئەوان میللـەتەکەمان زۆر دڵخۆش بوو، ئەوەی پێمانکرا هاوکاریمان کردن."
 
ئەحمەد حەسەن، سوپاسی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو دەزگایانە کرد کە هاوکاریی ئاوارەکانیان کردووە، "دوێنێ نزیکەی 400-500 خێزان دەربازی هەرێمی عەفرین بوون، لە رێگە تووشی ئاستەنگ و سەرمای زۆر دەبن، ئێمە هەندێ ئۆتۆمبێلمان گرتووە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بهێنینەوە بۆ عەفرین."

 

 
گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ژنێکی کوردیان سەربڕی و هاوژینەکەشیان دەستگیرکرد
 
ئیبراهیم شێخۆ، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی عەفرین، ئەویش وەکو دەیان هەزار هاونیشتمانیی دیکە لە شەهباوە ئاوارەی تەبقە بووە. ئەو میوانی بووڵتەنی رۆژاڤای کوردستان بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات. 
 
شێخۆ زۆر سوپاسی رووداوی کرد کە هەمیشە ئاگای لە رەوشی ئەوان بووە و گوتی: "100 هەزار کەس زیاتر ئاوارە بووین، کاروانی ئاوارەکان بەیانی تاوەکو نیوەی شەو بەردەوامە، لە رێگە مەترسییان لەسەرە و چەکدارانی تەحریری شام هەڕەشەن بۆ سەریان، ئێستا ئاگامان لە هەندێ خێزان نەماوە کە بەڕێوەن."
 
ئیبراهیم شێخۆ دەڵێت: "زۆربەی ئاوارەکان لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەنوون، ئەوانەشی دەگەنە عەفرین و تەبقە دەبرێنە قوتابخانە و مزگەوتەکان، بەشێکیشیان خێمەیان پێدەدرێت، بەڵام لەبەرئەوەی کەش زۆر ساردە، خەڵکی ناوچەکە دەیانبەنە ماڵی خۆیان و داڵدەیان دەدەن."
 
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە هەرێمی عەفرین، لە رێگەی گرووپەکانی حەمزات و عەمشات (ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا) لە تلڕەفعەت خەڵکیان کوشت، "ژنێکیان سەربڕی و هاوژینەکەیان دەستگیرکردووە."
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، دەستەی تەحریری شام لە سنووری حەلەب پیاوێکی ئێزدییان کوشتووە و یەکێکی دیکەیان بریندارکردووە.
 
گریانی ئیبراهیم شێخۆ بۆ رەوشی عەفرین
 
ئیبراهیم شێخۆ، لە درێژەی قسەکانیدا، کاتێک باسی عەفرینی کرد، دڵی پڕبوو و بە گریانەوە گوتی: "جەستەم لە تەبقەیە، بەڵام رووحم لە عەفرینە."
 
لە بەرامبەردا دلبخوین دارا پێی گوت: "دوای ئاوارەبوونتان لە عەفرین، کەس ناتوانێت نکۆڵی لە خزمەت و کارەکانت بکات لە شەهبا، من شایەتی ئەوەم کە تۆ دەنگێکی هێژا بوویت بۆ گەیاندنی دەنگی هەموو ئاوارەکان."
 
"بارودۆخی ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا زۆر خراپە"
 
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسەیە لە هەرێمی عەفرین، لەبارەی دۆخی ئاوارەکانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "نزیکەی 900 خێزان لە شەهباوە بەرەو عەفرین ئاوارە بوون، بەشێک لەو خێزانانە دەگەڕێنەوە بۆ گوند و ناوچەکانی خۆیان لە عەفرین."
 
لەبارەی بارودۆخی ئاوارەکانیشەوە دەڵێت: "بارودۆخیان لە ناوچەی شەهبا زۆر خراپە."
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، سەرەڕای ئاوارەبوونی ئەو هاونیشتمانییانە بۆ عەفرین و تەبقە، بەڵام بەشێکیان بەرەو حەلەب ئاوارە بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند چەکدارێکی دەستەی تەحریر شام. وێنە: AFP

رووسیا بۆ رووداو: سووریا بووەتە گۆڕەپانێک وڵاتانی رۆژئاوا تواناکانیان تێیدا تاقیدەکەنەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی لە چەند رێگەیەکەوە لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان. دەشڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا وڵاتەکە وەکو گۆڕەپانێک بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانیان بەکاردەهێنن.