کارەبای راپەڕین: لە سیستمی پریپەید ماوە و نرخی کارەبا ناگۆڕێت

04-12-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کارەبای پریپەید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی راگەیاند، هەر هاوبەشێکی کارەبا کە بیەوێت سیستمی کارەبای ماڵ یان شوێنە بازرگانییەکەی بکات بە سیستمی پریپەید، هیچ لە ماوەی پێدانی کارەباکەی و نرخی کارەباکەی زیاد نابێت و ئەوان وەکو خۆیان دەمێننەوە، ئەوەی دەگۆڕێت ئەوەیە، پێشوەختە پارەی کارەبا دەدرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سیستمی پریپەید بڵاوکردەوە، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای کردووە و دەڵێت، "هەر هاوبەشێک بیەوێت کارەباکەی بکاتە پریپەید، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای سنوورەکەی بکات و فۆڕم پڕبکاتەوە، بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە بۆ بکرێت." 
 
دووشەممە، 04-12-2023، عەلی محەممەد پیرۆت، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەبەست لەو راگەیێندراوەی وەزارەتی کارەبا، کارەبای 24 کاژێری نییە وەکو ئەوەی لە هەندێک لە یەکە نیشتەجێبوونەکانی ناسراو بە های کۆست هەیە، بەڵکو سیستمی پریپەید لەو نووسراوە واتە پارەدان و پێدانی کرێی کارەبا بە رێگەی کارت و بەپێشوەختە، هەر کەسێک ئەو داواکارییە بکات ئێستا وەزارەتی کارەبا سیستمی شوێنەکەی چ ماڵ بێت یان بازرگانی دەیکاتە پریپەید."
 
سەبارەت بە ئامانجی وەزارەتی کارەبا لەو کارە، عەلی محەممەد پیرۆت گوتی، "وەزارەت سیستمی پێدانی پارە بکاتە پێشوەختە، واتە لە پۆست پەید ببێت بە پریپەید کە ئیدی پێویست ناکات فەرمانبەر سەردانی ماڵان بکات و پارەی کارەبا کۆبکاتەوە، هەر کەسێک خۆی لەرێگەی کڕینی کارتەوە یەکەی کارەبا دەکڕێت."
 
عەلی محەممەد پیرۆت رەتیکردەوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا یان نرخی کارەبای ئەو کەسە زیاد ببێت، کە کارەباکەی دەکرێتە پریپەید و گوتی، "هیچ لە ماوەی پێدانی کارەبا یان نرخی کارەبا کەم و زیاد ناکات، ئەوەی هەیە پێشوەختە پارەی کارەبا دەدرێت، واتە کارەبای ئەو کەسەی سیستمی دەبێت بە پریپەید هەمان ماوە و نرخی کارەبای گەڕەک و کۆڵانی خۆیەتی و هیچ ناگۆڕێت."
 
پریپەید، سیستمێکە یەکەی کارەبای تێدایە، بە شێوەیەک کار دەکات کە هاوبەشانی کارەبا لە رێگەی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسەوە، کارەبا دەکڕن.
 
بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین پێیوایە گۆڕینی سیستمی کارەبا بۆ پریپەید کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا دەبێت کە وەزارەتی کارەبا زوو زوو داوا لە هاووڵاتییان دەکات هۆشیارانەتر و دروستتر کارەبا بەکاربهێنن، کە لە کۆتاییدا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت و ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا.
 
دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک؛ سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ـی جێبەجێکرد.
 
تاوەکو ئێستا چەند جارێک دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕەزاییان دەربڕیوە و دەڵێن سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا.
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سۆران عومەر و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".