وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای پریپەید دەکات

21-09-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن کارەبای پریپەید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە نرخی کارەبای پریپەید دەکات، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە و پێداچوونەوە بە کۆی پرۆسەی سیستمی کارەبای پریپەید دەکرێت؛ لەوانەش نرخی کارەبای پریپەید.  
 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی 3600 مێگاواتە و لەم کاتەدا بەرهەمهێنان نزیکەی 250 مێگاوات زیاترە لە وەرزی هاوین و خواست لەسەر کارەبا لەم وەرزەدا نزیکەی 4500 مێگاواتە، لەکاتێکدا هاوین نزیکەی شەش هەزار مێگاوات بوو. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، لە کەمترین کاتدا 17 کاژێر کارەبا دەدریتە هاونیشتمانیان و لە هەندێک ناوچە فێنکەکان نزیکەی 20 کاژێر دەبێت.
 
لەداوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ـی جێبەجێکرد، بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری بە هاونیشتمانییان بدرێت، دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕازین لە نرخەکەی، سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێک لە سلێمانی لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و لە هەولێر بۆ 175 دینار.
 
ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت "پرۆسەی دانانی سیستمی پریپەیدمان، وەکو هەنگاوێکی ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، نزیکەی 40 هەزار هاوبەش کارەبایان کراوەتە پریپەید لە کۆی زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار هاوبەش."
 
لەبارەی گرانی نرخ و نیگەرانیی هاونیشتمانیان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت "وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەمەندی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە کۆی سیستمی پریپەیدی کارەبا لەرووی (تەکنیکی، خزمەتگوزاری، نرخ، جێبەجێکردن)، هەموو ئەو تێبینیانەی هەبوون لەسەر کۆی سیستمەکە رەچاودەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت."
 
گوتیشی، لە رابردوودا ئەو کارەبایەی بۆ هاونیشتمانیان دابینکراوە، 75 بۆ 80٪ـی تێچووەکەی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە پاڵپشتیکراوە، ئەوەی ئێستا وەزارەتی کارەبا دەیکات، تەنیا کەمکردنەوەی ئەو رێژە زۆرەی پاڵپشتییە، بەهۆی ئەو بارگرانییە داراییە زۆرەی لەسەر وەزارەتە.
 
هاوبەشانی کارەبا، قەزرێکی زۆری کارەبایان لەسەر کەڵەکە بووە، حکومەت چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ هاندانی هاوبەشانی کارەبا بۆ گێڕانەوە قەرزەکانیان، لەوانە لێخۆشبوونی 15٪ لە کۆی قەرزی هاوبەشانی کارەبا لەکاتی دانەوەی قەرزەکانیان.
 
ئومێد ئەحمەد دەڵێت "تەواوی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان تریلیۆنێک و 300 ملیار دینار قەرزارن و ئێمە بەردەوامین لە وەرگرتنەوەی قەرزەکان، بۆ کارئاسانی زیاتریش بۆ هاونیشتمانیان، بڕیاری لێخۆشبوونی 15٪ هەموو پۆلەکانی (ماڵان، بازرگانی، کشتوکاڵ، پیشەسازی) دەگرێتەوە، بەڵام دەبێت هەموو قەرزەکان پاکتاوبکەن کە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت لە هەموو پارێزگاکاندا."
 
لەبارەی دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "قۆناخی یەکەمی بەستنی پێوەری زیرەک لە سەروبەندی تەواوبووندایە و نزیکەی 95٪ـی تەواوبووە، بۆ قۆناخی دووەم پێویستمان بە زیاتر لە 500 هەزار پێوەری زیرەک هەیە بۆ ئەوەی هەموو هاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکیان بۆ دابنرێت. پڕۆژەکەمان پێشکێشکردووە و چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانین."
 
ئومێد ئەحمەد گوتیشی، ئێستا ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان توانای نزیکەی 7000 مێگاواتە، بەڵام هێشتا کێشەی دابینکردنی سووتەمەنیمان هەیە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، وێستگەی کارەبای گازی دهۆک کە توانای بەرهەمێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە هێشتا بۆری گازی پێنەگەیشتووە."
 
دەشڵێت، لەماوەی رابردوودا کارمان لەسەر سێ پرۆژەی گەورە کردووە لە ژێرخانی کارەبا لە وزەی خۆر، کە 100 مێگاواتە، بەڵام تێکڕای ساڵانە 45 مێگاوات کارەبا دابین دەکات و، ئێستا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، سێ پرۆژەی سۆلار پاوەر جێبەجێ دەکرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.