رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیدارەی بایدن گوتاریان لە دژی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ تووند دەکەن، لە کاتێکدا هەوڵدەدەن رەجەب تەیب ئەردۆغان پاشگەزبکەنەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی وشکانی بۆ سەر شەڕڤانانی هاوبەشانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
لە 20ی نۆڤەمبەرەوە و دوای کوژرانی شەش کەس لە تەقینەوەیەکی ئیستەنبووڵ، کە ئەنقەرە بەبێ هیچ بەڵگەیەک خستیە ئەستۆی نەک تەنیا شەڕڤانان، بەڵکو ئەمریکاش، سوپای تورکیا دەستیکرد بە هێرشی ئاسمانی، مووشەکی و تۆپبارانی سنووربڕ بۆ سەر ئەو ناوچانە کە بە هاوبەشی لەلایەن شەڕڤانانی کورد و هێزەکانی ئەمریکاوە پاسەوانی دەکرێن، کە بوونە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان شەڕڤان و خەڵکی سڤیل.
سەرەتا، ئەمریکا تەنیا داوای "کەمکردنەوەی گرژییەکان"ی کرد، ئەوەش لەلایەن هەندێکەوە بە بێدەنگبوون و پێدانی گڵۆپی سەوز بە تورکیا بۆ ئەنجامدانی وێرانکاریی زیاتر لێکدرایەوە، بەڵام کاتێک ئەردۆغان سوور بوو لەسەر هەڕەشەی خۆی بۆ زیادکردنی گرژییەکان، ئەمریکا هەڵوێستی تووندتر کرد.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە تەلەفۆنی بۆ هاوتا تورکییەکەی کرد بۆئەوەی "دژایەتیی تووند"ی خۆی بەرامبەر هەر ئۆپەراسیۆنێکی وشکانی بۆ سەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێ بگەیێنێت.
هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا رۆژی هەینی بۆ یەکەمجار باسی لە کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کرد، کە پێکەوە لەگەڵ داعش دەجەنگن.
چۆنێتی، سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی ئەمریکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی لەشكرکێشیی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کاریگەریی لەسەر ژمارەیەک پرسی ئەمنیی جیهانی دەبێت، کە بە مەودایەکی دوور، رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێدەپەڕێنن.
ناتۆ و لاسەنگی کورد و تورکیا
بەتایبەتیش کاریگەریی لەسەر پرسی ئۆکراینا دەبێت، چونکە ئیدارەی بایدن پەرۆشە بۆ کارکردنی ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانانی دیکەی ناتۆ لە رووبەڕووبوونەوەی رووسیا، بە دیاریکراویش بۆ ئەوەی تورکیا رازیبکات دەستبەرداری دژایەتیکردنی بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد بێت لە هاوپەیمانییە بەرگرییەکە.
بەڵام دەستکراوەکردنی تورکیا لە هێرشکردنە سەر کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هاوئاهەنگیی ئەردۆغان لەنێو ناتۆ، خۆی لە خۆیدا لێکەوتی ئەمنیی گەورەی دەبێت.
هێزەکانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە گەڕانە هاوبەشەکانیان لەگەڵ شەڕڤانان وەستاند، لە کاتێکدا شەڕڤانان سەرقاڵ بوون بە بەرگریکردن لە خۆیان دژی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی تورکیا.
لە ساڵی 2015وە، شەڕڤانان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی داعش بوونەتەوە و چەندین ناوچەیان لە گرووپە پەڕگیرەکە ئازادکردن و هەزاران چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانیان دەستبەسەر کردن، ئەمەش جگە لەوەی هێشتا بەدوای شانە نووستووەکانیەوەن. رۆژی شەممە، هێزەکانی ئەمریکا و شەڕڤانان دەستیان بە گەڕانە هاوبەشەکانیان لە دەوروبەری زیندان و کەمپەکان کردەوە کە دەیان هەزار چەکداری پێشووی داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێدا خراونەتە ژێر چاودێریەوە.
"بەردەوامبوونی پشتیوانی بۆ کورد، پێویستی بە هێرشێکی دیکەی تیرۆرستیی داعشە"
عومەر تاسپینار، پسپۆڕی بواری ئاسایشی تورکیا و ئەوروپا لە پەیمانگەی بروکینگز دەڵێت، "داعش بووەتە چیرۆکی لەبیرکراوی جیهان و ئەمریکا، چونکە سەرنجەکە لەسەر ئۆکراینایە."
لێکۆڵینڤانەکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو شتەی کە پشتیوانیی [وڵاتانی] رۆژئاوا بۆ کورد بەهێز دەکاتەوە، رێک بریتییە لە هێرشێکی دیکەی تیرۆریستیی داعش، خوا نەخواستە، لەنێو ئەوروپا یان ئەمریکا کە وا لە خەڵک بکات وەبیریان بێتەوە ئێمە داعشمان بە راستی لەنێونەبردووە."
تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە بە لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دادەنێت، ئەو پارتە کوردییەی کە ماوەی چوار دەیەیە لەگەڵی لە شەڕێکی خوێناویدایە و هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون. هەسەدە رەتیدەکاتەوە هەرگیز دەستپێشخەریی هێرشکردنە سەر هێزەکانی تورکیای کردبێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی کۆنگرێس ستایشی شەڕڤانان دەکەن و بە "هاوبەشانی ئازا" ناویان دەبەن. مانگی تەممووزی ئەمساڵ، سێنتکۆم تورکیای تووڕەکرد، کاتێک بە تویتێک سەرەخۆشیی خۆی بەرامبەر گیانلەدەستدانی فەرماندەیەکی شەڕڤانان و دوو ژنەشەڕڤانی دیکە دەربڕی، دوای ئەوەی کە بەر هێرشێکی درۆنی کەوتن، کە دەدرێتە پاڵ تورکیا.
ساڵی 2019، تووڕەبوونی کۆمارییەکان و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپی کۆماری، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا پلانێکی خۆی بۆ کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان پووچەڵ بکاتەوە، ئەگەر نا ئەوە رێگەی بۆ هێرشێکی وشکانیی تورکیا بۆ سەر کورد واڵا دەکرد.
جۆ بایدن، کە ئەوکات بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکا بوو، یەکێک بوو لەوانەی دژی پلانەکەی ترەمپ تووڕەیی دەربڕی.
بایدن ئەو کات لە تویتێکدا گوتی: "کورد لایەنێکی سەرەکیی جیانەکراوە بوون لە یارمەتیدانمان بۆ بەزاندنی داعش، ژمارەیەکی زۆریشیان گیانیان لەدەستدا. ئێستا، سەرۆک ترەمپ پشتی لەوان کردووە. مایەی شەرمەزارییە."
پێکدادانی ڕرۆڵی تورکیا لە ناتۆ و رۆڵی کورد لە رووبەڕووبوونەوەی داعش
کاردانەوە و مامەڵەی هۆشیارانەی ئێستای ئەمریکا، تەنانەت دوای ئەوەی کە هێرشەکانی تورکیا نزیک ئەو شوێنانەی کردنە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، بەهۆی ئەو رۆڵە ستراتژییە گرنگەیە کە تورکیا وەکو ئەندامێکی ناتۆ لە هەوڵەکانی هاوپەیمانییەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا لە ئەوروپا دەیگێڕێت.
تورکیا کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکاش هەیە، بە چەندین رێگەی گرنگ، لە بەرەنگاربوونەوەی رووسیا، لە شەڕی ئۆکراینادا، یارمەتیی هاوپەیمانیی ناتۆی داوە. یەکێک لەو رێگەیانە، پیدانی درۆن بوو بە ئۆکراینا، یەکێکی دیکە نێوەندگیری کردن بوو لە نێوان رووسیا و ئەمریکا و ئەوانی دیکە.
بەڵام تورکیا هەوڵدەدات سوود لە هەژموونی خۆی لە نێو ناتۆدا وەربگرێت، ئەوەش لە رێگەی رێگری لە بەئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە هاوپەیمانییەکە. تورکیا داوا دەکات سوێد ئەو کوردانە رادەستبکاتەوە کە بە ئەندامی پەکەکە ناویان دەبات.
لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون واژۆی کۆتایی لەسەر بەئەندامبوونی ئەو دوو ڵاتەی باکووری ئەوروپا بکەن.
هەفتەی رابردوو، لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆدا لە بوخارێستی پایتەختی رۆمانیا، دیپلۆماتەکان خۆیان بەدوورگرت لەوەی بە ئاشکرا رەخنە لە تورکیا بگرن و بەو جۆرە خۆیان لە زیادکردنی ناڕەزایی تورکیا بەرامبەر بە ئەندامبوونی فینلاند و سوێد لە ناتۆ پاراست.
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە روونی بە هاوتا ئەوروپییەکانی گوت کە هێشتا ئەنقەرە لە شێوازی مامەڵەی سوێد و فینلاند لەگەڵ کوردانی ئەوێ کە پێیوایە ئەندامی پەکەکەن، رازی نییە.
چاوشئۆغلۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە ئەوەمان وەبیرهێنایەوە کە لە کۆتاییدا، ئەوە خەڵک و پەرلەمانی تورکیان کە پێویستە رازی بکرێن."
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ناڕازیبوونی تورکیا قسە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی سوێد و فینلاند بکات.
مەترسیی سەر کورد
شرۆڤەکاران، لەم راپۆرتەدا دەڵێن ئیدارەی بایدن زۆر کارتی گوشاری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان ناچار بکات دەستبەرداری هێرشی زەوینی بێت بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. یەکێک لەوانە، فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف شازدەی ئەمریکییە کە تورکیا دەیەوێت بیانکڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆبێرت مێناندێز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و ئەوانی دیکەی نێو کۆنگرێس، لە دژی وەستاونەتەوە.
لە پاڵ کاریگەرییەکانی سەر ململانێی ئۆکراینا و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ هەڕەشەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی لەشكرکێشییەکە، مەترسییەکی دیکەشی گەورەی هەیە.
ئەوەش مەترسیی سەر کوردە، ئەو نەتەوە بێ وڵاتەی کە خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانێت، بەڵام بە درێژایی سەدەی رابردوو چەندین جار لە لایەن ئەمریکا و رۆژئاوا لە ململانێکاندا پشتی تێکراوە.
هێنری جەی بارکەی، پسپۆڕی بواری کورد و تورکیا لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەپرسێت، ئەگەر ئەمریکا دەستەوسان بێت لە کاتێکدا تورکیا هێرشەکانی لە دژی کوردی رۆژئاوای کوردستان زیاد بکات، کە رۆلێکی سەرەکییان لە بەزاندنی داعشدا هەبووە، "ئێمە چ جۆرە پەیامێک بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدەین؟ بەتایبەتیش دوای قۆناخی ئەفغانستان. چ پەیامێک بە هاوپەیمانەکانمان بە گشتی دەدەین؟"
"ئەمریکا حەوت جار ناپاکیی لە کورد کردووە"
ئیبراهیم حەمیدی لە شەرقولئەوسەت دەڵێت لە 100 ساڵی رابردوودا، ئەمریکا "حەوت جار ناپاکیی لە کورد کردووە" و ئێستاش "ئاماژەی ناپاکیێکی دیکەی ئەمریکا لە ئاسۆدا دیارە"، چونکە بە گوتەی خۆی "ئەمریکا رێگریی لە هێرشە درۆنیەکان و تۆپبارانی چڕی تورکیا نەکرد" بۆ سەر شەڕڤانان.
ئەو حەوت "ناپاکییەی" کە نووسەرەکەی شەرقولئەوسەت پێیوایە ئەمریکا لە کوردی کردوون ئەمانەن:
1- دوای شکستهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی 1920 کە تێیدا بەڵێندرا لە باکووری کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد پێکبهێنرێت، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا پشتیان لە پەیماننامەکەیان کرد و لەسەر حیسابی کورد خۆیان لە ئەتاتورک نزیککردەوە و پەیماننامەی لۆزانیان واژۆکرد، بەڵێنەکانی پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد لەبیرکران.
2- ئەمریکا سەرەتا پشتیوانی لە کوردانی عێراق کرد بۆ ئەوەی دژی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم شەڕ بکەن و دواتریش پشتیوانیی کودەتاکەی ساڵی 1963ی کرد کە بەسەریدا کرا. حکومەتی بەعس دوای ئەوە مامەڵەیەکی تووندی لەگەڵ کورددا کرد. کاتێک کە بەعسییەکانی عێراق لە یەکێتیی سۆڤیەت نزیکبوونەوە، ئەمریکا هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئێرانی سەردەمی شادا کرد بۆ ئەوەی چەک و پشتیوانی بە کورد بدەن، بەو ئەنجامەی کە دۆخی عێراق ناسەقامگیر بکەن. لە حەفتەکانیش ئەو پشتیوانییە بە کورد درا، بەڵام نەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی بەڵکو بۆ دروستکردنی نائارامی لە نێو عێراق. دواتریش هەر ئەمریکا سەرپەرشتیی رێککەوتنێکی لە نێوان ئیران و حکومەتەکەی ئەحمەد حەسەن بەکردا کرد، بەوەش تاران دەستبەرداری پشتیوانیکردنی کورد بوو، لە ئەنجامی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆک جیرالد فۆرد.
3- کورد بەهۆی ئەمریکا لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە جارێک بەهۆی ئەمریکاوە تووشی نسکۆ بوون. ئیدارەی رۆناڵد ریگن بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن بەغداوە دژی کورد، بێدەنگ بوو. هەروەها ئیدارەی جۆرج بووشی باوک عێراقییەکانی دژی سەدام هاندان، بەڵام دواتر پشتی تێکردن.
4- ئەمریکا لە رووخاندنی حکومەتی سەدام هاوئاهەنگیی لەگەڵ کورددا کرد و لە شەڕی دژی داعش پشتی پێ بەستن، بەڵام کاتێک کە سەرۆک بارزانی لە ساڵی 2017 سەرکردایەتیی ریفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمریکا دژایەتیی کرد.
5- کاتێک کە کوردانی سووریا لە ساڵی 2004 راپەڕین، وڵاتانی رۆژئاوا هیچ پشتگیریێکی نەکردن. چەند ساڵێکیش بەرلەوە، کاتێک کە تورکیا لە ساڵی 1998 بەرەو سنووری سووریا جوڵەپێکرد و داوای رادەستکردنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکەی کرد، واشنتن و هاوپەیمانەکانی پشتیوانییان لە هەڵوێستی ئەنقەرە کرد.
6- لە دوای ساڵی 2014 ئەمریکا پشتی بە کورد بەست بۆ ئەوەی لە سووریا شەڕی داعش بکەن. بەڵام دوای ئەوەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆسەریان دروستکرد، تورکیا لەشكرکێشیی کردەسەریان و ئەمریکاش بێدەنگ بوو.
7- لە کۆتایی ساڵی 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ناکاو بڕیاریدا هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا بکشێنێتەوە و دوای ئەوە تورکیا لەشکركێشی کردە سەر کورد و بەشێک لە ناوچەکانی کۆنتڕۆڵکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ